دانپێدادانی شکست

سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە هاوکات جێگری سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی کوردستانە، دانی بە شکستە گەورەکەی حکومڕانی کوردی لە دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ خەڵکدا ناوە و ئەمەش گەورەترین بەڵگەیە لە سەر ناکارامەیی ئەو دەسەڵاتەی کە بانگەشەی پێویستی گواستنەوەی ئەزموونی هەرێم بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق دەکات.

نێچیرڤان بارزانی لە میانەی وتارێکی لە کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی ئەمریکی کوردستان لە دهۆک، ڕایگەیاند کە فەرمانبەران، خانەنشینان و مووچەخۆران لە هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی زۆر خەراپدا دەژین.

ئاماژەی بەوەشدا کە قەیرانی دارایی گوشارێکی زۆری لە سەر خەڵکی هەرێمی کوردستان داناوە.

بارزانی بە پێویستی زانیوە کە ڕێکەوتنی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆتایی بەم کێشانە بێنێت.

سەرۆکی هەرێم ئەگەرچی دانی بە شکستەکانی حکومەتدا ناوە بەڵام باسی ئەوەی نەکردووە کە کێ و کام دەسەڵات هۆکاری ئەم شکست و قەیرانانەن.

نێچیرڤان بارزانی دەبێت دان بەوەشدا بنێت کە تاڵانکردنی داهاتی کوردستان لە لایەن حیزب و بنەماڵەوە هۆکاری سەرەکی ئەم دۆخەیە.

دەبێت ئەوەش بڵێت کە تێچووی چەند کۆڕبەندێکی وەک ئەوەی دهۆک دەتوانێت کێشەی بەشێک لە خەڵکی کوردستان چارەسەر دەکات.