دادگاکانی پارتی، شوێنی کپکردنی دەنگی ئازاد

لە هەر وڵات و ناوچەیەکدا دادگاکان سەربەخۆییان نەبێت و کۆیلەی دەسەڵات بن، مافی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین، ئازادی تاک و ئازادی گشتی ڕەوشی باش نابێت.

ئەم بارودۆخە لە هەرێمی کوردستان دەبینرێت. ئەوەی تەنیا بە وشەیەک دژی دەسەڵاتی بارزانییەکان بوەستێتەوە، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی پارتی دیمۆکراتی کوردستانەوە دەستگیر دەکرێت و پاشان لە دادگاکانی سەر بەو بنەماڵەیەدا بە تۆمەتی هەڵبەستراو سزای بە سەردا دەسەپێندرێت.

نموونەی ئەم سیاسەتەی پارتی تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان زۆر بینراوە. لە کەیسی گیراوانی بادینان بۆ هەمووان تەنانەت وڵاتانی دەرەوە، ڕوون بووەتەوە کە پارتی و بارزانییەکان چەندە دژی خەڵک و ئازادبوونی ئەوانن.

لە نوێترین کردەوەی بارزانییەکان و دادگا نمایشییەکانی ئەواندا مامۆستایەک بە ناوی لوقمان نەجم تەنیا بە تۆمەتی بردنی سێ پاکەت بسکێت بۆ قەندیل سزای ساڵێک و شەش مانگ زیندانی بە سەردا سەپێندرا.

ئەو مامۆستایە خێزاندار و خاوەنی سێ منداڵە. کام یاسا و کام ویژدان دەڵێت کوڕی خەڵک وەها لە لایەن دەسەڵاتی خۆسەپێنی بارزانییەکانەوە دەستگیر و زیندانی بکرێت؟

بەڵام هۆکارەکەی ئەوەیە کە مامۆستاکە لە ڕیزی مامۆستا ناڕازییەکانی هەرێمی کوردستاندا بووە کە لە دژی نادادی و زوڵم و ستەمی بارزانییەکان دەنگی بەرز کردووەتەوە.

زیاتر لە 9 مانگە مامۆستا لوقمان دەستگیر کراوە و بەردەوام لە لایەن هێزەکانی پارتی دیمۆکراتی کوردستانەوە ئازار و ئەشکەنجە دراوە.

ئەمەش جاری یەکەم نییە کە دادگاکانی هەولێر مامۆستایان، چالاکوانان و رۆژنامەنووسان بە تۆمەتی داتاشراو ڕەوانەی زیندانەکانی بنەماڵەی بارزانی دەکەن. خەڵک دەزانن ئەوەی ڕەخنە لە دەسەڵاتی بارزانییەکان بگرێت چارەنووسی دەستگیرکردن، کوشتن و تیرۆر یان زیندان دەبێت.