خەڵک و دابەشکردنی نەوتەکەی حکومەت

لە هەر کوێی ئەم جیهانە کە دەڕوانیت، جگە لە حکومەتە شکستخواردووەکان، پێداویستییە سەرەکییەکانی خەڵک وەک ئاو، کارەبا و سووتەمەنی بۆ ئەوان دابین دەکرێت. سەیری ئەم کوردستانە بکەن لەم سێ پێداویستییە سەرەکییە کامیان بە ئاسانی لە بەردەستە؟

لە هەرێمی کوردستان کە لە پاش ڕاپەڕینەکەی ساڵی 1991 تا ئێستا بە حوکمی کوردی و خۆماڵی بەڕێوە دەبرێت نە کارەبا هەیە، نە ئاوی تەندرووست و نە سووتەمەنی زستانە.

کارەباکەی حکومەتی هەرێم پاش 32 ساڵ هێشتا نەبووەتە 24 کاتژمێری. بە هاوین و بە زستاندا کەمە و ئەگەر خاوەن موەڵیدە ئەهلییەکان نەبن وەزارەتی کارەبا و حکومەت ناتوانن ئەر ئەرکەی خۆیان جێبەجێ بکەن.

ئاوەکەش پێویست بە وتنەوە ناکات و سەر بانی هەر ماڵێک دەبینیت تەنکییەکان خۆیان نمایش دەکەن. ئاوی ناو تەنکیش لە ڕووی تەندرووستییەوە گونجاو نییە و دەیان نەخۆشی پێوەیە.

سووتەمەنیش ئەوەیە کە ئێستا دەیبینین، خەڵک لە وەرزی سەرمادا بەرمیلە نەوتێکی بە نرخی ئازاد پێدەفرۆشن و بۆ پێدانەکەشی هێندە تووشی زەحمەتی دەکەن کە وەرنەگرتنەکەی زۆر لەوە باشترە.

لەم ڕۆژانە کە حکومەتی هەرێم بانگەشەی دابەشکردنی نەوتی سپی لە شار و ناوچە جیاجیاکان دەکات، دیمەنەکان هێندە بە ڕوونی شکستەکەی حکومەتمان بۆ ڕوون دەکەنەوە کە پێویست بە هیچ بەڵگەیەک ناکات، حکومەتێک کە ناتوانێت پێداویستییەکانی خەڵک دابین بکات ناوی حکومەت نییە.

ئەو بودجەی کە بۆ میدیاکانی حیزبەکانی تەرخان دەکەن و کارەکەشیان تەنیا بوختان و جنیۆفرۆشییە، گەر بۆ خزمەتگوزارییەکانی تەرخان بکەن زۆر دەمێکە خەڵک بە ئاسوودەیی ژیانیان بەڕێدەکرد، بەڵام دەسەڵاتدارانی کوردستان لە خەمی خەڵکدا نین و بۆیان گرنگ نییە خەڵک چۆن دەژین.