خەڵکی برسی و بارزانیی خاوەن کۆشک و تەلار لە ئەمریکا
مووچەی فەرمانبەران و مافی خەڵک دوا کەوتووە و قەرزێکی زۆر لە هەرێمی کوردستان ڕووی لەوان کردووە. کار بەوە گەیشتووە کە تەنانەت مارکێتی نێو کۆڵانەکان قەرز بە مووچەخۆرانیش نادەن و بڕوایان بەوە نییە کە حکومەت مووچە بدات و مووچەخۆران قەرزی دووکاندارەکان بگەڕێننەوە.
خەڵکێکی زۆر کرێچین و تەنانەت لەم نیشتمانەدا مەترێک زەوییان نییە، نیشتمانێک کە زۆربەی ئەم خەڵکە بە گیانی خۆیان لە دەیان هەڕەشە پاراستوویانە و ئێستا لێی بێبەشن و بنەماڵەی دەسەڵاتدار خۆیان کردووەتە خاوەنی.
هەروەها چینی کرێکار لە کوردستان لە قورسترین کار و سەختترین ژیاندان و داهاتەکەشیان ئەوەندە نییە کە بەشی ژیان و گوزەرانی ڕۆژانەیان بکات.
هەژاری تەنگی بە خەڵک هەڵچنیوە و زۆربەی خەڵک هیوایان بە ژیان لە هەرێمی کوردستاندا نەماوە و پۆل پۆل گەنج و لاو و پیر و ژن و مێردی ئەم نیشتمانە ڕێگەی هەندەران دەگرنەبەر و زۆربەشیان تووشی کارەسات و دەیان تراژدیا دەبنەوە و تەرمەکانیان دەگەڕێننەوە بۆ هەرێمی کوردستان.
هۆکاری ئەم دۆخەش بە تەواوی ڕوون و ئاشکرایە. لە بەر ئەوەی کە دەسەڵاتدارنی هەرێمی کوردستان بە پارە و قوتی هاووڵاتیان گرانبەهاترین موڵکەکانی جیهان دەکڕن.
ماڵپەڕی The Real Deal ی ئەمریکی ئاشکرای کردووە کە مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی کوردستان ژمارەیەک باڵەخانەی لە ناوچەی پەیڤەرلی هێڵزی ئەمریکا خستووەتە مەزادەوە بۆ فرۆشتن کە بەهاکەی 27 ملیۆن دۆلارە.
موڵەکە پێک دێت لە کۆمەڵێک کۆشک و تەلار و بینای بازرگانی کە ڕوبەرەکەی 21 هەزار پێی چوارگۆشەیە لە شاری پەیڤەرلی هێڵزی سەر بە ویلایەتی کالیفۆڕنیایە لە وڵاتی ئەمریکا.
ماڵپەڕە ئەمریکییەکە ئاشکرای کردووە کە بارزانی لە ڕێگەی کۆمپانیای ئێڵ ئێڵ سی کە نزیکە لە خۆیەوە موڵکەکانی خستووەتە لیستی فرۆشتنەوە کە بەهاکەی 27 ملیۆن دۆلارە.
ئەمە مشتێکە لە خەرمانێک لە چاو بانک و کۆشک و تەلارەکانی دیکەی ماڵی بارزانی لە دەرەوەی وڵات.
پرسیار ئەوەیە کە ئایا ئەم سەروەتە زۆر و زەبەن و خەیاڵییەی بارزانی لە کوێوە سەرچاوە دەگرێت؟ دەسەڵاتێک هێندە دەوڵەمەند بێت ڕەوایە خەڵکەکەی هێندە برسی و هەژار و کەم داهات بن؟