خوێنی پێشمەرگە وەک قوربانیی بەرژەوەندی بارزانییەکان

پارتی دیمۆکراتی کوردستان هەموو ڕێگەیەکی گرتووەتەبەر تا هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی دیاریکراودا بەڕێوە نەچێت.

ئاشکرایە کە پارتی بە دۆخێکی سەختی ناوخۆییدا تێپەڕ دەبێت، کێشەکانی نێوان هەر دوو باڵی نێچیرڤان و مەسرور زیادیکردووە، پەیوەندییەکانی پارتی لە گەڵ یەکێتی و لایەنە سیاسییەکانیتر گرژی و ئاڵۆزییەکی زۆر بە خۆوە دەبینێت، قەیرانی دارایی تەنگی بە خەڵک هەڵچنیوە و ناڕەزایەتییەکان لە دژی حکومەتەکەی مەسرور بارزانی گەیشتووەتە لوتکە و لە هەمووش گرنگتر لە سەر ئاستی عێراق و ناوچەکە و تەنانەت ئەمریکاش خواستێک لە سەر لاوازبوونی پارتی و بارزانییەکان هەیە و ئەمەش وایکردووە مەسعود بارزانی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان دەترسێت و کورسی کۆتاکانیش نەماوە تا کێشە و لاوازییەکەی پارتی دیمۆکراتی کوردستانی پێ پینە و پەڕۆ بکرێت.

پارتی دەیەوێت نەک تەنیا هەڵبژاردنەکان دوا بخرێت بەڵکوو هەر بەڕێوە نەچێت، لەم حاڵەتەشدا بارزانییەکان بە زەبری زۆر و چەک درێژە بە حکومڕانی خۆیان دەدەن.

پارتی لە پاش سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ هەولێر کە بەڵێنی بەشداری لە شەڕی دژ بە پەکەکەی بەو داوە، دەیەوێت بە ڕێگەخۆشکردن بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی تورکیا بیانووی ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان بە دەست بێنێت، لەو ئۆپەراسیۆنەشدا هێزەکانی پارتی بەشداری دەکەن.

پارتی هێزەکانی پێشمەرگە لە شەڕی تورکیا دژ بە پەکەکە بەشداری پێدەکات و دەیەوێت شکستەکان و ئەم دۆخە دژوارەی ئێستای بەو شەڕە بشارێتەوە.

پارتی بۆ ڕزگابوون لە قەیرانەکان لە هەموو دەرگایەکی داوە، لە دانوستان لە گەڵ ئەمریکا تا حکومەتەکەی سودانی و لایەنە شیعەکان و تەنانەت ئێرانیش، بەڵام ئەنجامێکی وەهای بە دەست نەهێناوە و دەیەوێت بە ئاژاوەگێڕی و شەڕی تورکیا لە هەرێمی کوردستان، ڕای گشتی لە کێشە و قەیرانەکان بەلاڕێدا ببات و ڕێگری لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان بکات.

بە واتایەکی تر، پارتی و بارزانییەکان ئامادەن لە پێناو ڕزگارکردنی دەسەڵاتەکەیان پێشمەرگە بە کوشت بدەن و خوێنی پێشمەرگە هیچ بەهایەکی بۆ بارزانییەکان نەماوە.