خولێکی پەروەردە بۆ ئالان حەمەسەعید بکەنەوە

وەزیری پەروەردە پێویستی بە فێرکردن و پەروەردە هەیە، بۆ ئەوەی کە بری هەڕەشە و هەڵسووکەوت وەک ئەندامێکی پارتی و دەزگای پاراستن، وەک وەزیرێکی بەرپرسیار مامەڵە بکات و لەوە تێبگات کە هیچ سیستەمێکی پەروەردە بە فشار و داپڵۆسین و هەژارکردنی مامۆستایان ناتوانێت بەردەوام بێت و ببێتە نوێنەری پەروەردەی نەوەیەکی مەدەنی و گەشەسەندوو و دیمۆکراتخواز.

هەڕەشەکانی ئالان حەمەسەعید بۆ ئەوەی کە مامۆستایان دەبێت بایکۆت بشکێنن و دەوامی ئاسایی خۆیان بکەن، ڕۆژی یەک شەممە بە یەک دەنگ و هاوهەڵوێست لە لایەن مامۆستایانی سنوری سلێمانی وەڵام درایەوە. لەو هەڵمەتەدا خەڵک و کاسبکارانیش پشتیوانی مامۆستایانیان کرد و هەڕەشەی وەزیری پەروەردەیان پووچەڵکردەوە.

ئەرکی وەزارەتی پەروەردە ئەوە نییە کە مامۆستایان و خوێندکاران بکاتە کۆیلە و ژێردەستەی داخوازییە ناڕەواکانی خۆی و ڕازی و ناچاریان بکات بە هەر بژاردەیەکی نایەکسانخوازانەی ژیان.

مرۆڤ لە هەر پیشە و کارێکدا پێویستی بە دەستەبەرکردنی مافەکانی خۆیە تا بتوانێت بە کەرامەتەوە ژیان بە سەر ببات و توانای بۆ بڕەخسێت کە بەردەوام بێت لە داهێنان و نوێگەری لە بوارەکەیدا، نەک بە هۆی هەژاری و قەرزکردن بۆ کرێی خانوو و پارووە نانێکی ڕۆژانە ڕوبەڕوی جۆرەها ئازار و ئەشکەنجەی دەروونی ببێتەوە. مامۆستایانی سلێمانی جارێکی دیکە دەنگ و ڕەنگ و وێنایەکی بوێری و ڕووی مەدەنی خۆیان و شارەکەیان خستەڕوو.