خنکاندنی دیمۆکراسی لە لایەن بارزانییەوە

هەڵبژاردنی یوسف محەمەد وەک سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کە کەسێکی دەرەوەی دوو بنەماڵە دەسەڵاتدارەکەی هەرێم بوو، کاتی خۆی بووە مایەی دڵخۆشی کە دیمۆکراسی لە هەرێمی کوردستان ڕەنگە بکەوێتە سەر ڕاستە ڕێگە و چاکسازی لەم حکومڕانییە ئیفلیجەدا بکرێت بەڵام بڕیارێکی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی بە تەواوی دیمۆکراسیی لە هەرێمی کوردستان خنکاند.

پارتی دیمۆکراتی کوردستان کە تەواوی جومگەکانی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانی بە دەستەوەیە، بە پلە یەک بەرپرسیاری حکومڕانی هەرێمە و ئەوەی لە گەورە و بچووک لە کوردستان دەگوزەرێت پەیوەندی بە پارتی و بنەماڵەی بارزانییەوە هەیە.

پارتی بەردەوام بانگەشەی دیمۆکراسی دەکات، کەچی سیستەمەکەی بە تەواوی دیکتاتۆرییە و کەس بۆی نییە پۆستە باڵاکانی دەسەڵاتی هەرێم بە دەستەوە بگرێت، ئەگەر پۆستە کارتۆنییەکانی وەک جێگری سەرۆکی حکومەت و ئەم و ئەو دەدەنە قوباد تاڵەبانی و کەسانیتر، تەنیا بۆ ڕازیکردنی یەکێتی یان گۆڕانە بۆ پێکهێنانی کابینەکەی خۆیان.

ئەو کاتەی یوسف محەمەد بووە سەرۆکی پەرلەمان، هەرچەندە لە چوارچێوەی ڕێکەوتنی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و پارتیدا بوو، بەڵام ئەوەی نیشاندا کە دەیەوێت چاکسازی بکات، لانیکەم خەڵک نیمچە هیوایەکیان بەوە هەبوو کە کەسێکی دەرەوەی دوو بنەماڵەکە گەیشتووەتە یەکێک لە سەرۆکایەتییەکانی هەرێم.

پارتی کە هەستی بەوە دەکرد ڕەنگە ئەمە ببێتە مەترسییەک لە سەر داهاتووی حکومڕانییەکەیان، بە بڕیاری مەسعود بارزانی ڕێگریی لە گەڕانەوەی یوسف محەمەد بۆ هەولێر و پەرلەمانی کوردستان کرد و بەمەش پەرلەمانی کوردستان لە پێناو بەرژەوەندییەکانی پارتی و بنەماڵەی بارزانی داخرا و بە واتەیەکی دیکە دیمۆکراسییە لەرزۆکەکەی هەرێمی کوردستانیان خنکاند.

لە خولی پێنجەمیشدا پارتی لە ڕێگەی هێنانە کایەی دەستەی سەرۆکایەتییەوە، پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانی بێ کاریگەر کرد و نوێنەرەکەی یەکێتی هیچ دەسەڵاتێکی نەبوو و هێندەی مونا پارتیچی قسەی نەدەچووە سەر، هەروەها هێمن هەورامی کە جێگری سەرۆکی پەرلەمان بوو زیاتر لە ڕێواز فایەق سەرۆکایەتیی دەکرد. تەنانەت مونا و هێمن هەورامی کورسییەکانیشیان هاوشانی کورسییەکەی ڕێواز فایەق دادەنا بۆ ئەوەی پەرلەمانی کوردستان دەستەی سەرۆکایەتیی هەبێت نەک سەرۆکی پەرلەمان.

هەروەها پارتی لە ڕێگەی کورسییەکانی خۆی و کۆتاکان و حیزبە مووچەخۆرەکانی دیکەوە وایکردووە کە پەرلەمانی کوردستان هیچ کاریگەرییەکی نەبێت و تەنیا بە ڕواڵەت و بۆ ئەوەی بانگەشەی دیمۆکراسیی پێوە بکەن، وەک پەرلەمان ناو دەبرێت.