خاڵە عەبە بۆ خەڵکی کوردستان: سوپاستان دەکەین مووچە وەرناگرن

وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەر ئەوەی کە پۆستەکەی وەک خێر لە لایەن بنەماڵەی بارزانییەوە پێگەیشتووە، وەک مووچەخۆرێکی ئەو بنەماڵەیە هەموو کات لە سەنگەری بەرگریکردن لەواندایە و لە نوێترین لێدوانیشدا سوپاسی خەڵکی کوردستانی کردووە کە مووچە وەرناگرن.

عەبدوڵڵا حاجی مەحمود یان خاڵە عەبەی کابینەی نۆیەم لە پەیامێکدا مزگێنی ئەوەی داوە کە قەیرانی دارایی بە مەسرور بارزانی چارەسەر دەکرێت و سوپاسی خەڵکیشی کردووە کە مووچە وەناگرن و خزمەتگوزارییان ناوێت.

خاڵە عەبە بانگەشەی ئەوەیکردووە کە ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپی هاتوونەتە سەرخەت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.

وەزیرەکەی حکومەتە خۆڕاگرەکەی هەرێم لە پەیامەکەیدا هەندێک تۆمەتی ئاراستەی ڕەخنگەرانی سیاسەتەکانی مەسرور بارزانی کردووە و ڕایگەیاندووە کە ئەوانە لە سۆشیاڵ میدیا پڕوپاگەندەی ڕۆخێنەر دەکەن پەشێمان دەبنەوە و لە بەرامبەر گەلدا بەرپرسیار دەبن.