حەمەی حەمەسەعید: ڕۆژنامەی خەبات جاسوسە

وەزیرى ڕۆشنبیرى و لاوانى حکومەتى هەرێم لەبارەى هەواڵێکى ڕۆژنامەى خەباتى زمانحاڵى پارتیەوە دەڵێت: لەکۆندا جاسوسی کردن زۆر بەنھێنی بووە، ئێستا جاسوسی کردن بەئاشکراو وەک بابەتەکانیتری ناو کۆمەڵ گەشەی کردوە ئەوەتا جاسوسی بەئەلەکترۆنی و بەئاشکرا دەکرێت.

حەمەى حەمە سەعید، وەزیرى ڕۆشنبیرى و لاوانى حکومەتى هەرێم لە فەیسبوکى خۆى نوسیویەتى: جاسوس، کاری کۆکردنەوەی زانیارییە بەنھێنی لەسەر کەس و لایەن و شوێنی گرنگ، لەڕابوردودا کۆکردنەوەی زانیاری ھەبووە بەنھێنی لەسەر بارودۆخی جەماوەر بۆچارەسەری کێشەکانیان،کارێکی ئاسایی بووە.

وەزیرى ڕۆشنبیرى نوسیویشیەتى: جاسوسی، بەمانا بێزراوەکەی ھەمان کەڵک وەرگرتنە لەزانیاری نھێنی لەسەر خوشک و براکەت لەسەر قەومەکەت لەسەر ھاونیشتمانیەکانت لەسەر ووڵاتەکەت بۆ بەرژەوەندی دوژمن.

باس لەوەش دەکات، لەکۆندا جاسوسی کردن زۆر بەنھێنی بووە، چونکە جاسوس بێزراو بووەو ھەم سزاشی ھەبووە و نوسیویشیەتى: ئێستا جاسوسی کردن بەئاشکراو وەک بابەتەکانیتری ناو کۆمەڵ گەشەی کردوە ئەوەتا جاسوسی بەئەلەکترۆنی و بەئاشکرا دەکرێ، جاسوسی ھەیە زانیاریەکانی جاسوس ڕاستن، ھەشە زانیاریەکانی درۆو ناراستن بۆ مەبەستی تایبەتن.

نوسینەکەى حەمەى حەمەسەعید دواى ئەوە دێت کە لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا، ڕۆژنامەى خەباتى زمانحاڵى پارتى هەواڵێکى بڵاوکردەوە و ئاماژەى بەوەکردبوو، کە پەکەکە لە سنورى سلێمانى هێزى چەکدار دروست دەکات و ڕەوانەى شوێنەکانى ترى دەکات.