حیزبە کوردییەکان و کەرکوک

حیزبە کوردییەکان وەک بانگەشە هەموو کات بە جۆرێکی دیکە باسی کەرکوکیان کردووە. یەکێتی بە قودسی کوردستان ناوی دەبات و پارتی دڵی کوردستانی لە سەر داناوە، نەوەی نوێ دەڵێت ئاوەدانی دەکەمەوە و ئیسلامییەکان و حیزبەکەی کاکەحەمەش پێناسەی خۆیان بۆی هەیە، لەم هەموو حیزب و بانگەشەیەشدا کەرکوک هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە.

ساڵی 2017 مەسعود بارزانی بە ڕیفراندۆمەکەی کەرکوکی لە ژێر دەستی کورد و یەکێتی دەرهێنا، بە لای هەندێکەوە ئەمە جێبەجێکردنی ئەجێندای تورکیا بووە و ئەنکەرە نایەوێت کورد لە کەرکوک خاوەن دەسەڵات بێت.

بە درێژایی شەش ساڵی ڕابردوو پارتی بە سەردانێک ئاوڕی لە کەرکوک نەدایەوە، بۆیشی گرنگ نییە ئەم شارە بە چ دەردێک دەڕوات، دیسانەوە جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی تورکیا وایکرد کە پارتی بۆ کەرکوک بگەڕێتەوە و بە ناو بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بکات بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە نایەوێت پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکوک دابنرێت.

یەکێتیش لە شەش ساڵی ڕابردوو بە هۆی ناکۆکییەکانی لە گەڵ پارتی و سەرباری ئەو پەیوەندییە نزیکەی لە گەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق هەیەتی، بە کردەوە شتێکی بۆ کەرکوک نەکردووە و ئێستا شانسی خۆیی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان تاقیکردووەتەوە.

نەوەی نوێ دیسانەوە بانگەشە گەورەکانی دەستپێکردووەتەوە و دەڵێت من پارێزگاری کەرکوک دادەنێم. حیزبەکەی شاسوار عەبدولواحید بە چوار کاندیدەوە باسی بەدەستهێنانی پێنج کورسی ئەنجومەنی پارێزگا دەکات.

ئیسلامییەکانیش تەنیا لە بەر ئەوەی کەرکوک بۆ ئەوانی دیکە چۆڵ نەکەن لەم هەڵبژاردنەدا بەشدارییان کردووە و خۆیان دەزانن هیچیان پێناکرێت.

سۆسیالیستەکەی کاکەحەمەش هیچی بۆ وتنەوە نییە و تەنیا بانگەشەی گەورە دەکات.

ئەم هەموو حیزبە و لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی کورد تا 2017 هیچ خزمەتێکیان بە کەرکوک نەکردووە. پارتی و یەکێتی تەنانەت بە دوو هێزی سەربازی و ئەمنییەوە لە کەرکوک بوون و ئێستاش ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی هەرچی بێت خزمەتگوزاری و ئاسوودەیی بۆ کەرکوکییەکان بە دواوە نابێت و ئەم شارە بەردەوام لەوپەڕی بێ خزمەتگوزاریدا دەمێنێتەوە و حیزبە کوردییەکان تەنیا بە سەر ئەم شارەوە مامەڵە و بانگەشە دەکەن.