حکومەت یان بەڵای سەر هاووڵاتیان؟

حکومەت لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان، تەنانەت لە هەژارترین وڵاتانیش پێناسەیەکی ڕوونی هەیە و دەبێت لە خزمەتی هاووڵاتیانی خۆیدا بێت، ئەرکی حکومەت ئەوەیە کە خزمەتگوزاری و پێداویستی خەڵکەکەی دابین بکات.

پێدەچێت ئەم پێناسەیە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان پێچەوانە بێت، چوونکە دەسەڵاتی بارزانییەکان هیچ کات لە خەمی خەڵکدا نەبووە و تاڵان و بەرژەوەندیخوازی حزب و بنەماڵە باڵی بە سەر کارکردنی حکومەتدا کێشاوە و ئەوەی حکومەت دەیکات تەنیا بۆ گیرفانی دەسەڵاتدارانی حزب و بنەماڵەیە و دۆخی ژیانی خەڵک ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو خراپبوون دەڕوات.

چەندین ساڵە دەسەڵاتی شکستخواردووی بارزانییەکان خەڵک و میدیاکانیان بە باسی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانەوە سەرقاڵ کردووەو و کار گەیشتووەتە ئەوەی حکومەتێک بە سەرۆک وەزیران، وەزیرەکان و وتەبێژەکەیەوە هاتنی مووچە لە بەغداوە دەکەنە دەسکەوت و بە جەژنی ناو دەبەن و دەیکەنە منەت بە سەر خەڵکەوە.

مووچەخۆر مافی سرووشتی خۆیە کە لە پاش یەک مانگ ئیشکردن، مووچەی خۆی لە حکومەت وەربگرێت و کەس مافی ئەوەی نییە کە بیکاتە منەت بە سەر ئەوەوە.

ئەوەی بارزانییەکان دەیکەن سووکایەتییە بە خەڵک و کەرامەتی مووچەخۆرانیان شکاندووە. ئەم حکومەتە ڕاستییەکی سەلماندووە کە خۆی بە خەمخۆری خەڵک نازانێت و ئەرکی بووەتە چەوساندنەوەی ئەوان و ساڵانێکە ئازاری دەروون و جەستەی ئەم خەڵکە بەش مەینەتە دەدات.

هەر میدیا و کەناڵ و پەیجێک دەبینێت باس باسی مووچەیە، هاتنی، نەهاتنی، دابەشکردنی، دابەشنەکردنی، بڕینی، پاشەکەوتکردنی، بەبانکیکردنی و ئەم لا و ئەو لا پێکردنی.

ئەوەی حکومەتی هەریم دەیکات بەڵایە بۆ گیانی هاووڵاتیان و هەرێمی کوردستان رۆژ بە ڕۆژ بەرەو پاش هەنگاو دەنێت و پێشکەوتن لەم هەرێمە زۆر دەمێکە باری کردووە.