حکومەت شەقامەکانی کردە پارە
حکومەتی هەرێم لە پارەی داهات، گومرک، باج و سەرانە و کرێی خزمەتگوزارییەوە، چاویان بڕیوەتە پارەی ئەو شۆفێرانە کە ئۆتۆمبێلەکانیان لە سەر شەقام ڕادەگرن.
لە شارەکانی هەرێمی کوردستان و لە شەقامەکاندا هەر ئۆتۆمبێلێک ڕابگیرێت دەبێت شۆفێرەکەی پارە بە حکومەت بدات. پارەکەشی بۆ هەر کاتژمێرێک ڕاگرتن 500 دینار دەبێت.
شارەزایان دەڵێن کە بڕیارەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پێچەوانەی یاساکانی هەرێم و عێراقە. ئەوان دەڵێن کە شەقامەکان موڵکی گشتین و هەر پارە وەرگرتنێک دەبێت بە پێی یاسا بێت.
کردنی شەقامەکان بە پارە لە کاتێکدایە کە ساڵی خوێندنی سەدان هەزار خوێندکار لە بەردەم مەترسی و پەککەوتندایە، کەچی دەسەڵاتەکەی حکومەتی هەرێم وەک دەڵێی هیچ نەبووە و خەیاڵی لای کۆکردنەوەی پارەی زیاترە.
دوو مانگە دەیان هەزار مامۆستا لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێم بایکۆتی دەوامیان کردووە، بە هۆی ئەوەی کە مووچەکانیان دواکەوتووە و حکومەت بایەخ بەوان نادات، کەچی لە بری جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان هەڕەشەیان لێدەکرێت.
حکومەتی هەرێم تەنیا چاوی لە سەر پارە و داهاتی گشتییە و بەردەوام بیر لە دۆزینەوەی ئەو ڕێگەیە دەکاتەوە کە باج و سەرانە لە سەر خەڵک زیاد دەکات.