حکومەتە فێڵبازەکە!

پاش چەندین ساڵ حکومەتە خۆڕاگرەکە نەوت بە سەر هاووڵاتیاندا دابەش دەکات بەڵام لەوەشدا بیری لە بازرگانی و سوودی خۆی کردووەتەوە و ئامادە نییە تەنانەت یەک دینار پارە بۆ خەڵک بدات و بە نرخی بازاڕ نەوتەکە بە خەڵک دەفرۆشێت.

پاش سێ ساڵ لە دابەشنەکردنی نەوت بە سەر ماڵاندا، سەرەتای پایزی ئەمساڵ حکومەتە خۆڕاگرەکەی هەرێمی کوردستان دەستی بە دابەشکردنی نەوتی سپی لە ناوچە جیاجیاکاندا کردووە.

حکومەت بۆ دابەشکردنی نەوت داوای پسۆلەی خۆراک و بڕی 100 هەزار دینار دەکات و ئەمەش هاووڵاتیانی زۆر نیگەران کردووە.

نەوتەکەی حکومەتی هەرێم نرخەکەی بەرزە و کوالیتییەکەی خەراپە و ئەمەش وای لە خەڵک کردووە کە حکومەت ڕەخنەباران بکەن.

ئەو نەوتە سپییەی لە لایەن وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانەوە بە سەر ماڵاندا دابەش دەکرێت بەرمیلی تەواو نییە. بڕی لیتری هەر بەرمیلێک بۆ نەوتی سپی 220 لیترە، واتە 220 لیتری تەواو دەبێتە بەرمیلێک نەوت کە ئەو بڕە لە بازاڕدا نرخەکەی دەگاتە 160 تا 165 هەزار دینار، واتە ئەگەر 220 لیترەکە بە 165 هەزار دیناریش حسێب بکەین دەکاتە لیتری 750 دینار.

کێشەکە لێرەدایە، بە پێی زانیارییەکان ئەو نەوتەی بە سەر ماڵاندا دابەش دەکرێت 200 لیترە و لە هەندێک شوێنیش 180 لیتر دراوە بە هاووڵاتیان بە 100 هەزار دینار.

ئەگەر حیساناتێکی دیکە بۆ ئەم هاوکێشەیە بکەین چیمان بۆ دەردەکەوێت؟

حکومەتی هەرێم 180 لیتر بە 100 هەزار دینار دەداتە هاووڵاتیان، واتە بۆ هەر لیترێک 550 دینار لە هاووڵاتیان وەردەگرێت و جیاوازی نەوتەکەی حکومەتی هەرێم لە گەڵ نەوتی سپی بازاڕدا تەنیا 200 دینارە و لە کۆی بەرمیلە نەوتەکە بڕی 35 هەزار دینار جیاوازی هەیە.

ئەگەر حیساباتەکە بە شێوەیەکی دیکە بکرێت و وای دابنێین کە حکومەتی هەرێم لە بری 180 لیتر 220 لیتر بە سەر هاووڵاتیاندا دابەش بکات، واتە بەرمیلێک نەوت بە 120 هەزار دینار بە دەستی هاووڵاتیان بگات، جیاوازییەکەشی لە گەڵ نەوتە بازرگانییەکە تەنیا 40 هەزار دینارە.

ئەمە جگە لەوەی کە هاووڵاتیان خۆیان باسی دەکەن کوالیتی ئەو نەوتەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بە سەر هاووڵاتیاندا دابەشی دەکات لە گەڵ نەوتە بازرگانییەکە جیاوازییەکی زۆری هەیە.

کورتەی هەموو بابەتەکانیش ئەوەیە کە لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بەرمیلە نەوتێک بە 50 هەزار دینار بە خەڵک دەدرێت و حکومەت سێ بەشی پارەکەیان بۆ دەدات بەڵام حکومەتی هەرێم تەنیا 200 دینار واتە کەمتر لە پارەی بنێشتێک بۆ هاووڵاتیان تەرخان دەکات.