حکومەتە خۆڕاگرەکە گرنگی بە مامۆستایان نادات

لە هەر وڵاتێکدا ئەگەر حکومەت هەبێت و ئیش و کارەکەی لە سەر بنەمای بەرژەوەندی گشتی و هەوڵدان بۆ داهاتوویەکی باشتر بێت، گرنگی بە کەرتی پەروەردە و چینی مامۆستا دەدرێت، لە ڕاستیدا ئەوانن کە بناغەی داهاتوویەکی گەش و باش بۆ کۆمەڵگە دادەنێن.

مامۆستایان گرنگترتن چینی کۆمەڵگەی ئێمەن، ئەوانن کە منداڵەکانی ئێستا بۆ داهاتوو پەروەردە دەکەن، ئەگەر مامۆستا نەبێت پزیشک و دادوەر و کۆمەڵناس و دەروونناس و ئەم و ئەو بوونیان نابێت، مامۆستایان نەوەکانی ئێستا بۆ داهاتوو پەروەردە و ئامادە دەکەن.

لە وڵاتانی وەک ژاپۆن گرنگترین ئیش و کار مامۆستاییە، حکومەت هەموو پێداویستییەک بۆ ئەوان ئامادە دەکات تا بە ئاسوودەییەوە کەرتی پەروەردە بەرەو پێش ببەن.

مامۆستایان دەتوانن ژیانی منداڵەکان بۆ باشتربوون لە کۆمەڵگە بەرەو گۆڕانکاری ببەن. مامۆستایان دەتوانن هێز و ورە بە منداڵان ببەخشن. مامۆستایان زیاترین کاریگەرییان لە ژیانی کەسانی دیکەدا هەیە. کۆمەڵگەی پێشکەوتوو ئەوەیە کە زیاترین سەرمایەگوزاریی بۆ کەرتی پەروەردە و ئاسوودەیی مامۆستایان بە تایبەت لە بواری مادی و ژیانی ئەواندا هەبێت.

لە هەرێمی کوردستان دۆخەکە پێچەوانەیە. ئەندامی حیزبە سیاسییەکان لە هەزار مامۆستا ژیان و گوزەرانی باشترە، مووچە و ئیمتیاز و ئۆتۆمبێل و ئەم و ئەو وەردەگرێت.

حکومەتە خۆڕاگرەکە کە پارتی و یەکێتی پێکهێنەری سەرەکین، ئەوەیان سەلماندووە کە تەنیا گرنگی بە بواری حیزبایەتی، سەربازی و هەواڵگری دەدەن و هیچ گرنگییەک بە کەرتی پەروەردە و مامۆستایان و فەرمانبەران نادات.

لە هەرێمی کوردستان مامۆستایان لە خەراپترین دۆخی ژیاندان، مووچە وەرناگرن، هیچ ئیمتیازێک شموولی ئەوان ناکات، گوێ لە قسەکانیان ناگیرێت، داواکارییەکانیان بە لای حکومەتەوە گرنگ نییە، فشارەکانیان حکومەتە خۆڕاگرەکە ناجوڵێنێت.

لە ئەنجامی ئەم سیاسەت و کەمتەرخەمییەی حکومەتی هەرێم، کەرتی پەروەردە پەکخراوە، مامۆستایان لە بری هۆڵەکانی خوێندن ئیش و کاریان بووەتە ناڕەزایەتی دەربڕین لە سەر شەقامەکان و داوای مووچە و مافەکانیان کردن و لە دیوەخانی سەرۆکی حکومەتیشەوە هیچ هەواڵێک نییە.