حکومەتە خۆڕاگرەکە وا لە مێژوودا باس دەکرێت

حکومڕانی و ئەوەی وەک ئەزموونی لە هەرێمی کوردستان باسی دەکرێت تەنیا ئەنجامەکەی شکستە و هیچ کوردێک نییە بە ویژدانەوە شانازیی پێوە بکات، مەگەر ئەو کۆیلانەی مووچەخۆری حیزب و بنەماڵەی دەسەڵاتدارن.

لە چەند ساڵی داهاتوودا مێژووی کوردایەتی وا دەنووسرێتەوە کە:

فرۆشتنی ئامێرەکانی بەنداوی بێخمە و تەل دزین، داهاتە دزراوەکەی ئیبراهیم خەلیل و دۆلارەکانی حیزب، شەڕی ناوخۆ بە دەبابەی بەعس و فڕۆکەی تورکیا، دیلکوژەکان و زیندانی ئاکرێ و ئاوارەی ناوخۆ، هەشت ساڵ نە شەڕ و نە ئاشتی.

کۆنە شۆڕشگێڕەکان و تەندەر و بازرگانی، کابینەی یەکگرتوو و سنورداشی پردەکەی دێگەڵە، گۆتە گۆتی گۆڕانکاری لە گردە تاپۆکراوەکە، ئەندام پەرلەمانی عەرەبانچی و بێژەر و بەندبێژەکە، کوێرکردنە بە کۆمەڵەکە، خنکان لە نێو دەریای ئیجە.

کچە مۆدێل و ڕەنجڕۆڤەرەکە، ساڵی هێلکە بارانەکە، سەلەفییە موشتاقەکە، ئابوری سەربەخۆ و پاشەکەوتی مووچە، داعش و دراوسێ تازەکە، شەنگال و هەڵهاتنە گەورەکە، مادەی 140 و کەرکوک و دۆڕانی ناوچەکە، داستانی شەق هەڵدان لە خوێندکار و مامۆستاکە، داخستنی پەرلەمان و دەرکردنی وەزیرەکان، شەمەندەفەری ڕیفراندۆم و ئەنجومەنی سەربەخۆیی کوردستان داش عێراق.

گەڕانەوە بۆ بەغدا موفلیسەکە، هاشتاگی کوا 400 ملیارەکە، کابینەی نۆی چاکسازی، درۆی نیسان و 100 ڕۆژەکە، پێشمەرگەی بندیوار و کۆرۆنا و کەرەنتین، مونا قاوەچی و یەکەم تەقەی ڕاپەڕین، سێ مانگ لە سەر یەک نەدانی مووچەی فەرمانبەران.

کێیە بیەوێت شانازی بەمەوە بکات؟