حکومەتە خورمژەکەی مەسرور بارزانی

لە چیرۆکە کۆنەکاندا هاتووە کە جارێک لە کەسێکی گوندنشین دەپرسن کە خورمات دەوێت یان مێوژ و دەبێت یەکێک لەمانە هەڵبژێریت. کابراش وەڵامی دایەوە خورمژ، واتە هەم خورما و هەم مێوژ. ئەم چیرۆکە گوزارشتە لە سەر ئەو کەسانەی کە لە یەک کاتدا دوو شتی جیاواز و بە پێچەوانەی یەکتریان دەوێت.

لە ئێستادا چیرۆک و گوزارشتی خورمژ سنوری بەکارهێنانی بۆ کەسەکان تێپەڕاندووە و لە هەرێمی کوردستان بۆ حکومەتەکەی سەرۆک وەزیرانی خۆڕاگر بەکار دێت.

حکومەتەکەی ئێستای هەرێمی کوردستان لە ڕووی یاساییەوە پاش بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق بۆ هەڵوەشانەوەی پەرلەمانی کوردستان و بەڕێوەنەچوونی هەڵبژاردنی نوێ، شەرعییەتی نەماوە و کۆتایی هاتووە بەڵام لە سەر حوکم ماوەتەوە.

حکومەتەکەی مەسرور بارزانی مێوژی نەوتی هەرێمی لە بن هێنا و چاوی لە خورمای پارەی بەغداشە و خورمژی دەوێت.

زیندانەکانی لایەنی دەسەڵات لە حکومەتی هەرێم پڕن لەو کەسانەی کە تەنیا لە بەر ڕەخنەیەک ڕفێندراون، چاوی لەوەشە کەس ڕەخنەی لێنەگرێت و بەشان و باڵی ئازادییەکەیدا هەڵبدرێت.

ئەم حکومەتە لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا پەراوێز کەوتووە و دەستەکەی لای هەمووان کەشف بووە و بەغداش لە سەردانە بێ ئەنجامەکانی بێزار بووە، هەرچی کۆمپانیای نەوت و کۆنسووڵخانە و نوێنەرایەتی وڵاتانیشە دەزانن کە ئەزموونی ئەم حکومەتە بە کەڵەک نەماوە و هیچ پرۆژە و بانگەشەیەکی چاکسازیش لە ماوەی زیاتر لە چوار ساڵی ڕابردوو سەرکەوتوو نەبووە و لە ڕاستیدا تەنیا درووشمێکی بێ کردار بووە.

حکومەتە خۆڕاگرەکەی هەرێم لە لایەک نەوت دەفرۆشێت و لە لایەک دەیان ملیار دۆلار قەرزدارە، دەیەوێت خەڵک برسی بێت و لە هەمان کاتیشدا بێدەنگ بێت، دەیەوێت خەڵک بچەوسێنێتەوە و چەپڵەشی بۆ لێبدەن، حکومەتە خۆڕاگەرەکە هەر ڕۆژە نەخۆشخانەیەکی ئەهلی دەکاتەوە و نەخۆشخانەکانی خۆی لە بێ مووچەیی فەرمانبەران و نەبوونی دەرماندا دادەخرێن، لە کەرتی پەروەردەشدا قوتابخانەکانی داڕووخاون و بانگەشەی سیستەمی خوێندنی ئەورووپی دەکات.

حکومەتێک بانگەشەی دیمۆکراسی دەکات و هەڵبژاردنەکان ساڵ بە ساڵ دوا دەخات، بانگەشەی ئازادی دەکات و پۆل پۆل خەڵک ڕەوانەی زیندانەکان دەکات، مووچە بە فەرمانبەرانی نادات و باسی سیستەمی بانکی و بە ئەلیکترۆنیکردنی دابەشکردنی مووچە دەکات.

ئەمەیە چیرۆکی حکومەتەکەی هەرێم کە بانگەشەی ئەزموونەکەی دەکرێت و دەڵێن با وڵاتانی ناوچەکەش لە ئێمەوە فێر ببن.