حکومەتە بریندارەکەی هەرێمی کوردستان

حکومەتە خۆڕاگرەکەی هەرێمی کوردستان ماوەیەکی زۆرە لە بەردەم کۆشکی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ وەرگرتنی بودجە و مووچەی فەرمانبەران دەپاڕێتەوە بەڵام ئەنجامێکی نەبووە، لە سەردانەکەی هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ بەغداش نەتوانرا پرسی هەناردەی نەوتی هەرێم یەکلایی بکرێتەوە، ئێستا مەسرور بارزانی هیچ ڕێگەیەکی لە بەردەمدا نەماوە و پەنای بۆ جۆ بایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا بردووە.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نامەیەکدا داوای لە سەرۆک کۆماری ئەمریکا کردووە لە گەڵ بەغدا وتووێژ بکات و نێوەندگێڕی بکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ڕایگەیاندووە کە هەرێم بە هۆی قەیرانی ئابورییەوە جەستەی بریندارە و خوێنی لێدەچۆڕێت.

پێگەی AL Monitor ڕایگەیاندووە کە مەسرور بارزانی لە ڕۆژی 3 ی ئەیلول نامەیەکی ئاراستەی کۆشکی سپی کردووە و بە جۆ بایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکای ڕاگەیاندووە کە لە ئێستادا هەرێم لە ڕووی سیاسی و ئابورییەوە بریندارە و خوێن لە جەستەی دێت و وەک سەرۆک وەزیران هەست بە برینداری دەکات و عێراق بەرەو ڕووخانی دەبات.

لە نامەکەی مەسرور بارزانیدا ئاماژە بەوەش دراوە کە ئیدارەی ئەمریکا کاریگەرییەکی زۆری لە سەر حکومەتی بەغدا هەیە و داوا دەکەین نێوەندگێڕی بکەن و هەرێمی کوردستان لەم تەنگەژە و قەیرانە سیاسی و ئابورییە ڕزگار بکەن.