حکومەتەکەی مەسرور بارزانی هۆکاری مانەوەی کێشەکانی هەولێر و بەغدایە

ڕۆژنامەی سەباح ی عێراقی ڕاپۆرتێکی لە سەر کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بڵاو کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە کێشەکان بە بێ چارەسەر وەک خۆی ماوەتەوە و هەرێمی کوردستان هیچ پابەندی بەڵێنەکانی نەبووە.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە گرنگترین کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندیی عێراق وەک مادەی 140، یاسای نەوت و غاز و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم وەک خۆی ماوەتەوە.

ڕۆژنامەکە لە سەر زاری شارەزایەکی عێراقییەوە ڕایگەیاندووە کە ئەگەرچی حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی ئەم وڵاتە، ویستی چارەسەرکردنی کێشەکانی لە گەڵ هەولێر هەبووە، بەڵام حکومەتی هەرێم هیچ گرنگییەکی بە پابەندبوون بە بەڵێنەکانی نەداوە.

لە ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامەی سەباحدا هاتووە کە هەرێمی کوردستان دەیەوێت نەوتەکەی بۆ خۆی بێت و پشکە بودجەش لە بەغدا وەربگرێت، ڕەوشێک کە لە 5 بودجەی ساڵانی ڕابردوودا بەم شێوە بەڕێکراوە.

ڕاشیگەیاندووە کە هیچ متمانەیەک لە نێوان بەغدا و هەولێردا نییە و هەندێک کات دەستوەردانی دەرەکیش وایکردووە کە کێشەکان وەک خۆیان بمێننەوە.

لە کۆتایی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ئەگەر کێشەکانی دیکەش چارەسەر بکرێن، ئەوا پرسی کەرکوک بە تایبەتمەندییەکانی خۆیەوە و جیاواز لە پرسەکانی دیکە دەمێنێتەوە.