حکومەتەکەی مەسرور بارزانی لە خەرجکردنی داهات لە نێوان پارێزگاکان جیاوازی دەکات

سەرەڕای بانگەشەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەوەی کە لە کارنامەی کابینەکەی مەسرور بارزانی هیچ جیاوازی و هەڵاواردنێک لە نێوان پارێزگاکاندا نییە و هەموویان بە یەک چاو سەیر دەکرێن، بەڵام پەرلەمانتارێکی پێشوو باس لە جیاوازی دەکات.

هاوڕێ مەلا ستار سەرۆکی لیژنەی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و وه‌به‌رهێنان لە خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان وتی، نایەکسانی هەیە بۆ دابەشکردنی بودجە بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و هۆکاری سەرەکیش ئەوەیە لە ماوەی 10 ساڵی رابردوو حکومەتی هەرێم نەیتوانیوە بودجە رەوانەی پەرلەمانی کوردستان بکات تاوەکو بە یەکسانی بەسەر پارێزگاکان دابەش بکرێت.

ئەوەشی وت، کاتێک بودجە رەوانەی پەرلەمان ناکرێت ئەو ناعەدالەتی و نایەکسانییە دروست دەبێت کە لەماوەی رابردوو تاوەکو ئێستاش بونی هەیە و دەیبینین. ئەگەر بەراورد بکرێت لە نێوان سنوری پارێزگاکان لە رووی خەرجکردنی داهات بە هەولێر و بادینان ئەو جیاوازییە بەدی دەکرێت.