حکومەتی هەرێم لە نەوتەوە بۆ پەتاتەفرۆشی

بەرپرسانی باڵای پارتی دیمۆکراتی کوردستان و بە تایبەت بنەماڵەی بارزانی بەردەوام بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە کوردستان دەکرێتە ناوچەیەکی پێشکەوتوو و دەوڵەمەندی ئابوری و تەنانەت ناوی دۆبەیی دووەمیان بۆ هەولێری پایتەختی هەرێم هەڵبژاردبوو.

بارزانییەکان بە هەناردەی ڕاستەوخۆی نەوتی هەرێمی کوردستان، سیاسەتی ئابوری سەربەخۆیان خستە بواری جێبەجێکردنەوە. چەندین ساڵ نەوت بە ڕاستەوخۆ هەناردەی دەرەوە کرا و داهاتەکەی بۆ خەزێنەی حکومەتی عێراق نەگەڕایەوە، کەچی هیچ گۆڕانکارییەک لە دۆخی ژیانی خەڵکدا ڕووی نەدا و کوردستانیش نەک تەنیا ئاوەدان نەکرایەوە بەڵکوو لە زۆر ڕووی جیاوازەوە پاشەکشەی کرد.

داهاتە نەوتییەکەی هەرێمی کوردستان کەوتە خزمەتی کۆمپانیاکانی سەر بە بنەماڵە، بەشێکی چووە گیرفانی تورکیا و ئەردۆغان و خەڵک هەژارتر بوون و تەنانەت حکومەت لە بەر دزی و تاڵانکردنی داهاتەکان و بە فیڕۆدانی، توانای دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینەکانی نەما و بەردەوام لە خولەکانی ڕابردووەوە تا ئێستا سواڵە مووچەی لە بەغدا کردووە و سەرۆک وەزیرانە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق لە بەر نیازپاکی و بە هۆی پەیوەندییەکانی کۆنی خۆیان لە گەڵ مەسعود بارزانی و سەرکردەکانی دیکەوە بڕە پارەیەکیان وەک خێر داوەتە هەرێمی کوردستان.

کە واتە نەوت و داهاتەکانی لە بەر بێ پلانی و نەبوونی شارەزایی کاربەدەستانی حکومەتی هەرێم، هیچ کاریگەرییەکی لە سەر ئاوەدانکردنەوە نەبووە و تەنانەت بووە هۆکاری کەلێنە گەورەکەی ئێستای نێوان خەڵک و حکومەت.

بە شکستەکەی حکومەتی هەرێم لە پرۆسەی نەوت و ئەو داهاتووە ناڕوونەی کە هەیە، مەسرور بارزانی کە نازناوی سەرۆک وەزیرانی خۆڕاگری بۆ دەستنیشان کراوە، ڕووی هێناوەتە هەناردەی پەتاتەی کوردستان بۆ وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە. میدیاکانی سەر بە مەسرور بارزانی وا بانگەشەی ئەم هەناردەی پەتاتەیە دەکەن کە دەڵێی تەکنۆلۆژیای چین و ژاپۆن و کۆریای باشورە و بە شانازییەوە هەناردەی جیهانی دەرەوەی دەکەن.

حکومەتی هەرێم بەو هەموو داهاتە نەوتییەوە هیچ سەرکەوتن و دەسکەوتێکی ئابوریی نەبووە. وەک ئاماژە درا، پرۆژەکان ڕاگیراون، مووچە دابەش ناکرێت و ئەگەر بەغدا پارە نەنێرێت مووچە هەر بوونی نییە، قەرزە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی حکومەتیش زیاتر بووە و موفلیسبوونی ئەزموونی حکومڕانی کوردی بۆ هەمووان بووەتە ڕاستییەک.

خەڵک مافی ئەوەیان هەیە کە بڵێن و پرسیار بکەن حکومەتێک بە هەناردەی ڕۆژانە سەدان هەزار بەرمیل نەوت هیچی پێنەکراوە، ئایا بە هەناردەی چەندین تەن پەتاتە بۆ وڵاتانی عەرەبی دەتوانێت قەیرانە ئابوری و داراییەکەی چارەسەر بکات؟ باشترە حکومەتە خۆڕاگرەکە واز لەو پڕوپاگەندەیە بێنێت و پەتاتەکەش بخاتە بازاڕی ناوخۆوە تا ناچار نەبێت چەند مانگی داهاتوو ئەوە بە نرخێکی زیاتر لە ئێران و تورکیاوە هاوردە بکات، هەرچەندە کە حکومەت ئەوەشی نەکردووە بەرهەمی جوتیاران لە خەراپبوون بپارێزێت.