حکومەتی هەرێم بووەتە کۆمپانیای دابەشکردن
حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچی بە دەستەوە نەماوە و هەر شتێک بەغدا دابینی بکات ئەوان دەیگوازنەوە بۆ هەرێم و گەر لە خۆیان مایەوە دابەشی دەکەن.
ئەگەر بەغدا پارە بۆ مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان بنێرێت ئەوا حکومەت دابەشی دەکات، ئەگەریش پارەکەی بەغدا نەبێت خۆ حکومەت نییە مووچە بە خەڵکەکەی بدات.
ئەگەر بەشە خۆراک لە بەغداوە بێت حکومەت دابەشی دەکات، گەر بەغدا ئەوەش نەنێرێت ئەوا حکومەتی هەرێم موفلیسە و هیچی بۆ دابەشکردن نییە.
لە وەرزی زستاندا ئەگەر بەغدا نەوتی سپی بنێرێت بە کەموکوڕییەوە لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە دابەش دەکرێت، ئەگەر نەوتەکەی بەغدا نەبێت بەو سەرما و سۆڵەیە شتێک بە ناوی نەوت لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە بە خەڵک نادرێت.
گەر بەغدا پارەی گەنمی جوتیاران بنێرێت حكومەتی هەرێم دابەشی دەکات.
بەغدا دەرمان بنێرێت حکومەت لە نەخۆشخانەکان دابەشی دەکات، گەر بەغدا نەبێت حکومەتی هەرێم دەرمانیشی بۆ دابین ناکرێت.
ئەمە بووەتە ئیشی حکومەتە خۆڕاگرەکە کە تەنیا وەک کۆمپانیایەکی دابەشکردن ڕۆڵی بینیوە، نەک حکومەتێک کە خاوەنی تێڕوانینی نیشتمانی و پلانی ستراتیژی بێت.
مووچە، خۆراک، دەرمان، سووتەمەنی و پارەی جوتیاران ئەگەر لە بەغداوە بێت حکومەتی هەرێم بە کەموکوڕی و لێبڕینەوە دابەشی دەکات، ئەگەریش لە بەغداوە دابین نەکرێت حکومەت هیچی بۆ خەڵک نییە.
بەرپرسانی پارتی ساڵی 2017 و لە کاتی ڕیفراندۆمەکەدا بەردەوام باسی ئەوەیان دەکرد کە حکومەتی عێراق موفلیس بووە و تەڵاقی دەدەین و لێی جیا دەبینەوە.
لە هەر وڵاتێکی جیهان، تەنانەت لە وڵاتانی هەژار و کەم داهات، ئەرکی سەرەکی حکومەت دابینکردنی خزمەتگوزارییەکانە بۆ خەڵکەکەی، بەڵام حکومەتی هەرێم هیچی پێنەکراوە و تەنیا چاوەڕێی دەستی بەغدایە.
لەم ماوەیەدا پارتی هەڕەشەی کشانەوەی لە پرۆسەی سیاسی عێراق کردووە، بەغدا ئەو هەڕەشەی بە جیدی وەرنەگرتووە و گاڵتەی بە پارتی کردووە، لە بەر ئەوەی کە لە دۆخی هەرێم ئاگادارە. ئەگەر بەغدا مووچە و دەرمان و سووتەمەنی نەنێرێت، حکومەتە خۆڕاگرەکە چی بۆ ئەم خەڵکە هەیە، چۆن دەتوانێت بەرگەی ئەم هەموو قەیرانە بگرێت؟
لە ئێستادا خەڵک بەوە گەیشتووە کە کۆمپانیایەکی دابەشکردنیش دەتوانێت باشتر و ئاسانتر لە حکومەتی هەرێم ئەم ئیش و کارانە بکات و هیچ پێویست بە حکومەتی هەرێمی کوردستان نەماوە.