حکومەتی بەغدا بۆ مەسرور بارزانی: زۆر قەرزارن

حکومەتی عێراق بە توندی وەڵامی پەیامەکەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی داوەتەوە و ڕایگەیاندووە کە ئەوە هەولێرە پابەندییەکانی لە یاسای بودجەدا جێبەجێ نەکردووە نەک بەغدا.

وتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایگەیاندووە کە ئەو پارەیەی لای حکومەتی هەرێمە، سێ ئەوەندەی ئەو شایستە داراییانەیە کە بە پێی خەرجی ئێستا لە بودجەدا بۆی دیاریکراوە.

باسم عەوادی ڕایگەیاندووە کە حکومەتی بەغدا تەواوی پابەندە داراییەکانی بۆ هەرێمی کوردستان جێبەجێکردووە و هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانیشی داوە.

ڕاشیگەیاندووە کە حکومەتی هەرێم داهاتە نەوتی و نانەوتییەکانی ڕادەست نەکردووە وەک ئەوەی کە لە یاسای بودجەدا هاتووە، هەر بۆیە حکومەتی ناوەند بڕیاریداوە بە پێدانی قەرز تا ئەو کاتەی کێشەکان بە تەواوی چارەسەر دەبن.