حکومەتی بێ مووچە

حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە دە ساڵە نەیتوانیوە قەیرانی مووچە چارەسەر بکات. لە سایەی ئەم حکومڕانییە شکستخواردووەدا مووچەخۆران بە دەیان مووچەیان فەوتاوە، مووچەکانیان بە پاشەکەوت و لێبڕینەوە پێدراوە و لە ئێستاشدا چوار مانگی بەردەوامە مووچەیان وەرنەگرتووە.

لە هیچ شوێنێکی ئەم جیهانەدا نەبووە کە حکومەتێک بڵێت ئیشی من نییە مووچە دابەش بکەم. ئەمەش لە کاتێکدایە کە حکومەت لە کۆکردنەوەی باج و پارەی ئاو و کارەبا و ڕسومات و کامێرای تیژڕەوی ڕەنگە لە پلەی یەکەمی وڵاتانی جیهاندا بێت.

حکومەتێک کە تەنانەت زەوییەکانی خەڵک و گشتی هەڕاجفرۆش کردووە و نەوت و غازەکەی هەرێمی وا قۆرخکردووە کە جگە لە کۆمپانیاکانی دوو حیزبی دەسەڵاتدار، هیچ کۆمپانیایەک بۆی نییە لەو کەرتەدا ئیش بکات.

حکومەتی جووت حیزبەکەی هەرێم لە دەروازە سنورییەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان ئەو هەموو باج و سەرانەیە لە خەڵک وەردەگرن و هیچ بازرگانێک نییە بە دەست هێزەکانی ئەوانەوە ڕزگاری بێت بێ ئەوەی کە پارە و باجەکەی نەخاتە خەزێنەی بنەماڵە دەسەڵاردارەکانەوە.

حکومەتی هەرێم دەستی بە سەر داهاتی سەر و ژێر زەوی و موڵک و ماڵی گشتی و تەنانەت خەڵکدا گرتووە.

حکومەتێک کە بەو هەموو داهات و پارەی خۆیەوە زیاتر لە سی ملیار دۆلار قەرزی هێناوەتە سەر خەڵکی کوردستان و نەوە لە دوای نەوە دەبێت لە ژێر کاریگەرییە ئابوری و داراییەکانی ئەو قەرزەدا بناڵێنێت.

لە هیچ شوێنێکی ئەم جیهانەدا نەبووە کە وتەبێژی حکومەت لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی خۆیدا بڵێت پارەمان بۆ دابەشکردنی مووچە نییە. لە کاتێکدا کە بودجە و داهات و پارەی ئەم کوردستانە دەچێتە خزمەت کاروباری حیزبی و گەندەڵی بەرپرسەکان و سەرکردەکانیان.

هێزە سەربازی و دامودەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکانی کوردستان بوونەتە بارگرانییەک لە سەر ئەم خەڵکەوە و پارە و بودجە لەوان نامێنێتەوە بۆ مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینەکان دابەشی بکەن.

حکومەتی هەرێم بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی تەنیا خەریکی شاند ناردنە بۆ بەغدا و ئەو دەیان جارەی کە شاندەکەش سەردانی بەغدای کردووە هیچ ئەنجامێکی نەبووە و کێشە و قەیرانی مووچە وەک خۆی بەردەوامە.