حکومڕانییە فەیسبووکییەکەی مەسرور بارزانی

مەسرور بارزانی لە فەسیبووکەوە هاواری لێهەستا. سودانی بۆمبەکەی تەقاندەوە و هەموو شتێکی درکاند. ئیشی شاندەکەی هەرێم لە بەغدا ئاشکرا دەبێت. محەمەد شیاع سودانی لە چاوپێکەوتنی لە گەڵ چەند کەناڵێکی ڕاگەیاندن نهێنی نوێی سەبارەت بە پشکی هەرێم لە بودجە ئاشکرا کرد.

سودانی ئاشکرای کرد کە بە پێی یاسای بودجە، پشتیوانی لە پشکی بودجەی کوردستان دەکەین و چاوەڕوانی ئەوەین هەر دوو وەزیری دارایی حکومەتی بەغدا و هەرێم بانگهێشتی پەرلەمان بکرێن.

یاسای بودجە حکومەتی بەغدای پابەند کردووە کە بە بڕی لە سەدا 12.67 بودجەی هەرێمی کوردستان ڕەوانە بکات بەڵام لە کاتی جێبەجێکردنی یاساکەدا هەر دوو لا خوێندنەوەی جیاوازیان هەیە و بەم بۆنەوە ناردنی پشکی بودجەی هەرێم تووشی ئاستەنگ بووە.

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری داوە کە تا چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا مانگانە بە قەرز بڕە پارەیەک بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بدرێت.

پاش چاوپێکەوتنەکەی سودانی پەیجەکانی حکومەتی هەرێم کە بە فەرمانی مەسرور بارزانی چالاکی دەکەن، هاتنە سەر خەت و ڕایانگەیاند شایستە داراییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجە زیاتر لە 16 ترلیۆن دینارە و پێویستە حکومەتی عێراق شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێم ڕەوانە بکات، ئەمە هەر لە فەسیبووکەوە وترا و لە هیچ حکومڕانییەکدا شتی وا نەبووە کە لە فەیسبووکەوە سیاسەت و حکومڕانی بکرێت، ئەمە تەنیا لە سیاسەت و حکومڕانی مەسرور بارزانیدا سەریهەڵداوە.

ڕۆژی سێ شەممە جارێکی دیکە ڕۆژنامەی سەباح ی عێراقی شاندەکەی حکومەتی هەرێمی تەزاند و ڕایگەیاند کە ئەو شاندانەی کە لە هەرێمەوە سەردانی بەغدا دەکەن تەنیا ڕوونکردنەوەیان لێ وەردەگیرێت لە سەر ئەو ناڕوونی و پرسیارانەی کە لێژنەی دارایی هەیانە.

جەمال کۆچەر ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە کە کێشەی گەورە لە نێوان حکومەتی هەرێم و ناوەند لە یاسای بودجە پەیوەندی بە دۆسیەی نەوت و دەروازە سنورییەکانەوە هەیە.

ڕاشیگەیاندووە کە حکومەتی بەغدا داوای تەواوی داهاتی دەروازە سنورییەکان دەکات و ئەوەشیان بە شاندەکەی هەرێم وتووە کە ئاگایان لە دەروازە نافەرمی و لابەلاکان هەیە و ئەمەش قبووڵکراو نییە.

بە وتەی جەمال کۆچەر، دۆسیەی سێهەم داهاتە نانەوتییەکانە کە تا ئێستا وەکوو خاڵی ناکۆکی سەرەکی لە نێوان هەرێم و بەغدا ماوەتەوە.

لە ئێستادا هەرێمی کوردستان دەیەوێت لایەنی سێهەم بێتە نێوان هەولێر و بەغداوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە داراییەکان بەڵام بەغدا بە هەموو شێوەیەک دەستوەردانی دەرەکی ڕەتدەکاتەوە و ڕایگەیاندووە کە هەموو پێگە نێودەوڵەتییەکان لە ئێستادا عێراقێکی بەهێزیان دەوێت نەک لاواز.