حکومڕانییەکی فەشەل
ئەوەی بە ئەزموونی سیاسی هەرێمی کوردستان ناو دەبرێت هەر لە سەرەتاوە تا ئێستا ململانێی دوو حیزبی دەسەڵاتدار بووە و ئەمەش چەندین قەیرانی گەورەی لێکەوتووەتەوە، وەک شەڕی ناوخۆ کە هەر ئێستاش ئاسەوار و لێکەوتەکانی ماوەتەوە، وەک ئەو دوو ئیدارەییە لە سنوری ژێر دەسەڵاتی پارتی و یەکێتیدا دەبینرێت یان ئەوەی کە هەرێم دوو هێزی سەربازی، دوو دەزگای هەواڵگری و چەندین هێزی ئەمنی جۆربەجۆری هەیە و لە هەر کاتێکدا بە هۆی ململانێکانەوە و بە هۆی ئەوەی کە هێزێکی نیشتمانی نین، ئەگەری هەڵگیرسانەوەی شەڕی ناوخۆیی لە ئارادایە.
هەر ئەم دەسەڵاتە فەشەلە بە هۆی بەرژەوەندی حیزبی و کەسییەوە وای لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی کرد کە بودجە و مووچەی خەڵکی کردە قوربانی و خۆیان بە داهاتی نەوتی و نانەوتی لە گەڵ تاقمی نزیک و کۆیلەکانی چواردەوریان بوونە دەوڵەمەند و خەڵک تا دێت هەژارتر و بێکارتر و بێ بازاڕتر دەبن.
ئەمە دۆخی هەرێمی کوردستانە کە خەڵکەکەی بە سەر دوو چینی جیاوازدا دابەش بوون، چینێک کە ژیانێکی خۆشیان هەیە و بێ کێشەن و لە پێناو درێژەپێدان و مانەوەی ئەم دۆخە پەنا بۆ هەموو شتێک دەبەن. چینی دیکەش بە دەست کێشە و ژیانێکی ئەستەمەوە دەناڵێنن و تا دێت بێهیواتر و بێ ئیرادەتر دەکرێن.
ئەمانەی کە باس کرا، مستێکە لە خەرمانی شکست و لاوازییەکانی دەسەڵاتدارانی هەرێم و بە کورتی و کوردی دەبێت بڵێین کە ئەمە فەشەلی حکومڕانییە، کەی و چۆن خەڵک پەنا بۆ گۆڕینی ئەم دەسەڵاتە دەبەن لە داهاتوودا دەردەکەوێت، خەڵکێک کە بەعسی بە چۆکدا هێنا بە ئاسانیش دەتوانێت ئەم دەسەڵاتە بکاتە بەشێک لە مێژوو و بە دڵنیاییەوە کە ڕۆژێک دەگات ئەمە ڕوو بدات.