حاڵی کورد لە کۆنفرانسی سەد ساڵەی لۆزان

بە بۆنەی تێپەڕبوونی 100 ساڵ بە سەر پەیماننامەی لۆزان، چەندین کۆنفرانس و کۆبوونەوە و چالاکی جۆربەجۆر لە هەرێمی کوردستان، سوریا و ئەورووپا بەڕێوەچوو.

کورد بانگەشەی ئەوە دەکات کە لە پەیماننامەی لۆزاندا خاکەکەی کراوەتە چوار بەشەوە و بەم بەشانەش دەڵێت چوار پارچەی کوردستان کە ناوچە کوردنشینەکانی عێراق، تورکیا، ئێران و سوریا لە خۆ دەگرێت.

ئەمساڵ لە کۆنفرانسی سەد ساڵەی لۆزان بە دەیان کەسایەتی کۆبوونەوە و درووشمی سەرەکییان یەکڕیزی کورد بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لە گەڵ پێشهاتەکانی داهاتوو بووە بەڵام لەو کۆنفرانسەدا بۆ هەر بەشێک لە ناوچە کوردنشینەکانی چوار وڵاتەکە، ئاڵایەکی جیاواز دانرابوو.

بەڕێوەبەرانی کۆنفرانسەکەش بە هۆی ناکۆکی و جیاوازییەکانەوە نەیانتوانی ڕێگری لە دانانی ئەو چوار ئاڵایە بکەن و ئەوەش سەلمێنەری ڕاستییەکانی ناکۆکی و ململانێی نێوان لایەنە سیاسییە کوردییەکانە.

کورد بەم حاڵەوە چۆن دەتوانێت باس لە یەکڕیزی و تێپەڕاندنی لۆزان بکات. نەک تەنیا ناکۆکی لە نێوان بەشی کوردیی چوار وڵاتەکەدا هەبووە بەڵکوو حیزب و لایەنە سیاسییەکانی هەر بەشێکیش زۆرترین کێشە و گرفتیان پێکەوە هەیە، باشترین نموونەش، هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتییە.