جەژنی مووچە لە هەرێمی کوردستان

لە هەرێمی کوردستان زۆرترین و پڕ بینەر و پڕ خوێنەرترین و بە واتایەکی دیکە گرنگترین هەواڵی میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هەواڵی مووچەیە. کەی پارەکە لە بەغداوە دەگات؟ خشتەی دابەشکردنی مووچە؟ نوێترین زانیاری سەبارەت بە مووچە؟ وەزیری دارایی چی وت؟ شاندەکەی هەرێم لە بەغدا چی کرد؟ شاسوار وتی بەڵێنم وەرگرتووە و مووچە دێت، یەکێتی چی دەڵێت و پارتی چۆن باسی دەکات؟ ئەمە نموونەی تەوەری ئەو هەواڵانەیە کە لەم ماوەیەدا لە سەر مووچە لە هەرێمی کوردستان بڵاو بووەتەوە.

ئێستا کە سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاری ڕەوانەکردنی 912 ملیار دیناری بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینەکانی هەرێمی کوردستان دەرکردووە، هەرێمی کوردستان بە حیزب و حکومەتەوە بووەتە شوێنی شایی و وەک دەسکەوتێکی نیشتمانی سەیری دەکەن. هەر یەک لە حیزبەکان و میدیاکانیان بە شێوازێک لە هاتنی پارەکەی بەغدا دەڕوانن. ڕووداو و کوردستان 24 و میدیاکانی سەر بە پارتی هاتنی مووچە بە دەسکەوتی پارتی و بارزانییەکان دەزانن، بێ ئەوەی باسی لەدەستدانی دۆسیەی نەوت و داهاتە نانەوتییەکان بکەن.

کەناڵی ئێن ئار تی بانگەشەی ئەوە دەکات کە تەنیا یەک ڕۆژ لە پاش کۆبوونەوەکەی شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، پارەکە بۆ هەرێمی کوردستان نێردراوە.

کوردسات نیوز و میدیاکانی یەکێتیش دەڵێن هاتنی پارەکە لە ئەنجامی کۆبوونەوەی شاندی پەرلەمانتارانی ئەم حیزبە لە گەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق بووە و پێشتریش بافڵ تاڵەبانی لە سەردانەکەی بۆ بەغدا بەڵێنی ڕەوانەکردنی مووچەی لە محەمەد شیاع سودانی وەرگرتبوو.

ئیسلامییەکانیش بە کۆمەڵ و یەکگرتووەوە دەڵێن کە پەرلەمانتارەکانی ئێمە لە پەرلەمانی عێراق، بەردەوام بەدواداچوونیان بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەران کردووە.

هەرچی بێت ئێستا کوردستان بە بۆنەی هاتنی مووچەوە، بڕیارە ئاهەنگ بگێڕێت، جەژنی مووچە لە هەرێم بەرز ڕادەگیرێت و بەو بۆنەوە بڕیارە پشوو ڕابگەێندرێت و لە سەرجەم شار و شارۆچکەکان خەڵک بۆ ئاهەنگ گێڕان بڕژێنە سەر شەقامەکان. ئاهەنگەکەش بەو بۆنەوەیە کە مووچە لە ئێستادا بووەتە ئەوپەڕی داواکارییەکانی حکومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا و بابەت و داواکارییەکانی دیکە بوونەتە ماوەبەسەرچوو و باس ناکرێن.