جەمال کۆچەر: قەیرانی مووچە گەورەتر دەبێت

ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە کە سەبارەت بە قەیرانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمەوە هەر دوو حکومەتی هەولێر و بەغدا گەیشتوونەتە بنبەست و تەنیا چارەسەر ئەوەیە کە مووچە ڕاستەوخۆ لە لایەن بەغداوە دابەش بکرێت.

جەمال کۆچەر ڕایگەیاندووە کە حکومەتی عێراق پارەی سێ مانگی مووچە وەک قەرز دەداتە هەرێم، پارەی مانگێکی دراوە و دوو مانگی ماوە، و جارێکی دیکە قەیرانی مووچە سەرهەڵدەداتەوە، لە بەر ئەوەی کە ئەو پارە قەرزە و مەرجەکەشی ئەوەیە کە بەر لە کۆتایی ساڵ بگەڕێندرێتەوە و دەزانین کە حکومەتی هەرێم لە توانایدا نییە ئەو پارەیە بگەڕێنێتەوە.

ڕاشیگەیاندووە کە چوار فراکسیۆنی کوردی داوایان کردووە کە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕاستەوخۆ لە لایەن بەغداوە دابەش بکرێت، زیاتر لەوەش 63 هەزار واژۆی فەرمانبەران کۆکراوەتەوە کە هەمان داواکارییان هەیە.

جەمال کۆچەر ڕایگەیاندووە کە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران لە لایەن حکومەتی عێراقەوە هیچ زیانێکی بۆ قەوارەی هەرێم نابێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە کە قەوارەی هەرێم بە نادادپەروەری و حکومڕانی خەراپ و لێکترازان و ململانێی سیاسی لاواز دەبێت، نەک دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران.