جەبار یاوەر: وەزارەتی پێشمەرگە هیچی بە سەر هیچەوە نەماوە

ئەمینداری گشتی پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە کە نووسراوی تایبەت بە کڕینی خانووی یەک ملیار و 200 ملیۆن دیناری بۆ بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە، حەیای ئەم وەزارەتەی بردووە.

جەبار یاوەر سەبارەت بە دۆخی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاندووە کە بەردەوامی هەڵەی بەرپرسان زۆر کەوتووە لە سەر ئەم وەزارەتە.

ناوبراو ڕایگەیاندووە کە شۆڕش ئیسماعیل لە وەزارەتی پێشمەرگە نەماوە بەڵام بە ناوی ئەوەوە نامە واژۆ کراوە، هیچ ڕێزگرتنێک لە وەزارەتی پێشمەرگە نەماوە، هەموو پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی پچڕاوە، هیچ پرۆسەیەکی یەکخستن نەماوە و هیچ یاسا و کاری کارگێڕی لە وەزارەتی پێشمەرگەدا نەماوە.

جەبار یاوەر ڕایگەیاندووە کە نووسراوەکەی بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە وایکردووە کە ئەم وەزارەتە هیچی بە سەر هیچەوە نەماوە.

ڕاشیگەیاندووە کە تا هێزی چەکدار لە دەستی حیزبدا بێت هەرێمی کوردستان نابێتە خاوەن ئارامی و سەقامگیری.

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاندووە کە ئەو بنەمایە لە ساڵی 2010 تا ئێستا بۆ یەکخستنی هێزی پێشمەرگە دانرابوو، بە گرژییەکانی ناوخۆیی لە وەزارەتی پێشمەرگە تێکدراوە.