جێگرانی سەرۆکی پارتی ناکۆکن
ئێستا دۆسیەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان بووەتە خاڵێکی دیکەی ناکۆکییەکانی نێوان نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی.
بۆ تاوتوێکردنی ڕێکارەکانی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە گەڵ حکومەتی عێراق، شاندێک لە هەرێمەوە سەردانی بەغدا دەکات تا دەرەچەیەکی یاسایی بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەکە بدۆزێتەوە.
ئەم هەنگاوەی هەولێر و بەغدا پاش ئەوە دێت کە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند ناتوانێت هەر دوو هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی ئەم وڵاتە و پەرلەمانی کوردستان لە یەک کاتدا بەڕێوە ببات، ئێستا بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دەیانەوێت بە هاوکاری بەغدا دەرەچەیەکی یاسایی بدۆزنەوە بۆ ئەوەی کە بۆشایی یاسایی لە هەرێمی کوردستان درێژەی نەبێت و هەڵبژاردنەکان بەڕێوە بچێت.
نێچیرڤان بارزانی پشتیوانی ئەم بۆچوونە دەکات ئەویش بە هۆی ئەوەی کە سەرۆکی هەرێمە و ئەرکی دیاریکردنی کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی لایە.
لە بەرامبەردا مەسرور بارزانی دەیەوێت ماوەی حکومەتەکەی بە بێ گرنگیدان بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق درێژەی هەبێت و بەمەش کۆنتڕۆڵی هەرێمی کوردستان بکات بە بێ ئەوەی کە پەرلەمانیش وەک دەسەڵاتی یاسادانەر هەبێت کە چاودێریی بکات.
یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش سەرەڕای ناکۆکییەکانی لە گەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێم، پشتیوانی لە بەڕێوەنەچوونی هەڵبژاردنەکان دەکات و ترسی ئەوەیە هەیە بە هۆی کێشە ناوخۆییەکان و ئەو دۆخەی لە سلێمانیدا هەیە پێگە جەماوەرییەکەی لە دەست بدات و ژمارەی دەنگەکانی دابەزینی بەرچاوی هەبێت.
لەم ناکۆکییەی نێوان نێچیرڤان و مەسرور بارزانی، سەرەڕای ئەوەی کە یەکێتی پەیوەندی باشتری لە گەڵ سەرۆکی هەرێمدا هەیە، پشتیوانی لە سەرۆکی حکومەت دەکات و دژی ئەوەیە کە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە ماوەیەکی نزیکدا بەڕێوە بچێت.