جووت ئامۆزاکە چۆن هەرێمی کوردستانیان قەرزار کردووە؟

جووت ئامۆزاکەی بنەماڵەی بارزانی و هەر دوو جێگرەکەی سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی کوردستان، ئەم هەرێمەیان وا تووشی قەرزاری کردووە کە دەیان ساڵی دیکە نەوە لە دوای نەوە دەبێت بە دەردی ئەو قەرزارییەوە بناڵێنێت.

نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی ئەوەندە مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم قەرزارن کە حکومەت توانای دانەوەی نییە. ئەوان بە چەندین بیانووی جیاجیاوە و ڕەنگە بە ئەنقەست و لە ئەنجامی شکستی سیاسەتی ئابوری سەربەخۆ، مووچەی مووچەخۆرانیان نەداوە.

ڕۆژێک بە ناوی پاشەکەوت و ڕۆژی دیکە بە ناوی لێبڕینەوە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەکەوتە بەر ڕۆحمی دەسەڵاتدارانی بارزانی لە حکومەتی هەرێم. لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی ئەواندا چارەکە مووچە و نیو مووچە و ئەم و ئەو بووە باو و چوار مانگە تەنانەت ئەوەش نەماوە و پارەیەک نییە بۆ دابەشکردنی مووچە.

ئەوان لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی خۆیان دەستیان دایە کەمکردنەوەی وەرزەکان لە چوار وەرزەوە بۆ سێ وەرز و درێژکردنەوەی مانگەکان لە 30 ڕۆژەوە بۆ 60 و تەنانەت 70 ڕۆژ.

لە هەر دوو کابینەی هەشتەم و نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی، مووچەخۆران لە 108 مووچە تەنیا 49 جار بە تەواوەتی مووچەیان وەرگرتووە، 44 مووچە بە چارەک و لێبڕینەوە وەرگیراوە، 15 مووچەش هەر بە مووچەخۆران نەدراوە، بەم حەق و حسێبەش بێت هەر دوو ئامۆزاکە نزیکەی 21 ترلیۆن و 854 ملیار دینار قەرزاری مووچەخۆرانن.

کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی ئەندازیاری داهێنانی پاشەکەوتی مووچە بووە و لە ماوەی 54 مانگدا تەنیا 15 مووچەی تەواوی دابەش کرد و 34 مانگیش بە لێبڕین و پاشکەوتەوە بە مووچەخۆران درا و 5 مانگیش هەر مووچە دابەش نەکرا. کۆی قەرزەکانی ئەم کابینەش کە هی مووچەخۆرانە 10 ترلیۆن و 597 ملیار دینار بووە.

لە سەردەمی کابینەی مەسرور بارزانیشدا لە ماوەی 54 مانگدا تەنیا 34 مووچە بە تەواوی دابەش کراوە و 10 مانگیش بە لێبڕینەوە دابەش کراوە و 10 مانگیش هەر مووچە نەدراوە و قەرزەکانیش 10 ترلیۆن و 986 ملیار دینارە.