جوتیارانی ڕانیه دژی کردنی زەوییەکانیان بە یەکەی نیشتەجێبوون گردبوونەوە

لە دژی کردنی زەوییەکانیان بە یەکەی نیشتەجێبوون بەشێك لە جوتیاران و خاوەن باخەکانی شارۆچكەی ڕانیە گردبوونەوە و لەئەگەرى وەڵامنەدانەوەیان هۆشدارى لە گرتنەبەرى رێگەى دیکە دەدەن.

 

ئەمڕۆ پێنجشەممە 28-11-2024، لە شارۆچكەی ڕانیەی ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕین، جوتیاران لە بەردەم ئیدارەی ڕاپەڕین لە دژی گۆڕینی ڕەگەزی زەوییەکانیان لە کشتوکاڵییەوە بۆ نیشتەجێبوون گردبوونەویەکیان ئەنجامدا و وەک خۆیان دەڵێن،دەسەڵاتدارانى سنورەکە دەیانەوێت زەوییەکانیان بەسەر فەرمانبەراندا دابەشبکەن.

ئەو جوتیارانە لە گردبونەوەکەدا رایانگەیاند، ئەو زەویانە سەوزاین و پێوستە حکومەت زیاتر گرنگیان پێبدات نەک لە بەر بەرژەوەندی چەند کەسێک لەناویان بەرێت و زیانیکی زۆر بە جوتیار و خاوەن باخەکان بگەیەنن.

ئاماژەبەوەدەدەن، هەتا ئێستا هیچ لایەنێکی پەیوەندیدار نەهاتووە بە دەم داواکەیانەوە، لە کاتێکدا دەبوو لێرەبن و وەڵامێکیان بۆ ئێمە پێبێت، ئەو زەویانە قوتی کۆمەڵێک خێزانن و ڕیگانادەین بە ئاسانی ئەم بابەتە تێپەڕێت، لە ئەگەری وەڵام نەدانەوەماندا ڕیگای تر دەگرینە بەر و داوکاری سەرەکی ئێمە تەنها ئەوەیە کە ئەو باخ و زەوییە کستووکاڵیانە وەکو خۆیان بمێننەوە.