جانتایەکی پڕ لە شکست

میدیاکانی سەر بە مەسرور بارزانی بەردەوام باس لە دەسکەوتەکانی لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوو دەکەن، ئەوان تەنانەت بە هۆی باڵباڵێتی ناو پارتییەوە هێرش دەکەنە سەر کابینەی هەشتەم بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی.

کە سەیری کوردستان دەکەیت شتێک نییە بە ناوی دەسکەوت و سەرکەوتن و ئەوەی بەدی دەکرێت تەنیا پاشەکشە و شکست و دۆڕانە.

لە بواری پەیوەندییەکاندا لە سەردەمی کابینەی سەرۆکە خۆڕاگرەکە، پەیوەندی نێوان حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لەوپەڕی خەراپیدا بووە، بە تایبەت نێوان پارتی و یەکێتی بەردەوام کێشە و گرژی بووە و ئەمەش ڕەنگدانەوەی لە سەر ئەدای حکومەتی هەرێم و پێگەی کورد لە بەغدا هەبووە.

هەروەها پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغداش لە ماوەی سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی هیچ بەرەوپێشچوونێکی بە خۆوە نەبینیوە و بە هۆی پابەندنەبوونی بە بەڵێنەکانی لە ڕێکەوتنە هاوبەشەکان، هیچ کێشەیەکی هەرێم وەک مووچە و پشکی بودجە چارەسەر نەکراوە.

پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمیش لە چەندین وڵاتی وەک تورکیا و ئیمارات کورت کراوەتەوە و هیچ نوێبوونەوەیەک لە پەیوەندییەکان لە گەڵ وڵاتانی دیکەدا نەکراوە.

لە ڕووی خزمەتگوزارییەکانەوە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم یەکێک لە تاڵترین ئەزموونەکانی حکومڕانی کوردی بۆ خەڵک بووە. نە مووچە دابەش دەکرێت، نە پرۆژەکان جێبەجێ دەکرێن، سووتەمەنی و کارەبا و ئاو لەوپەڕی خەراپیدایە، هێشتا خەڵکی کوردستان بۆ بچووکترین نەشتەرگەری ڕوو لە وڵاتانی دەرەوە دەکەن و دۆخی تەندرووستی ڕووی لە خەراپتربوون کردووە، پەروەردەش هەمووان لێی ئاگادارن و زیاتر لە نیوەی هەرێمی کوردستان هێشتا دەرگای قوتابخانەکانیان نەکراونەتەوە.

لە ڕوویەکی دیکەوە، دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان بەرەو نەمانی شەرعییەت براون. پەرلەمان لە لایەن دادگای فیدراڵییەوە هەڵوەشایەوە و بە هۆی دواکەوتنی چەندبارەی هەڵبژاردنەکانەوە، سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران شەرعییەتیان لەدەستداوە و لە ئەگەری بەردەوامی ئەم دۆخەش ڕەنگە بە دەردی پەرلەمان ببرێن.

لە ناوخۆی حکومەتی هەرێمیش، وەزیرەکانی یەکێتی و گۆڕان هێندە دەسەڵاتیان نەبووە و مەسرور بارزانی لە بری هەر وەزیرێک یاریدەدەرێکی دەستنیشان کردووە و وەزیرەکانی بە تەواوی بێ کاریگەر کردووە.

بە گشتی مەسرور بارزانی لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردووش سەرۆک وەزیرانی زۆنی زەرد بووە و بە سزادانی زۆنی سەوز ئەوەی سەلماندووە کە بە یەک چاو سەیری هەموو ناوچەکانی کوردستان ناکات.

بەم حاڵەوە کێ دەتوانێت باس لە دەسکەوت بکات؟