تەیف سامی بووەتە دڵخوازی شەقامی کوردی

وەزیری دارایی حکومەتی عێراق بە هۆی پێداگری لە سەر ناردنی ڕاستوخۆی مووچە لە بەغداوە، بووەتە خۆشەویستی خەڵکی هەرێمی کوردستان و بە تایبەت فەرمانبەران و مووچەخۆران.

تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق لە ئێستادا بووەتە دڵخوازی شەقامی کوردی و سۆزی خەڵکی کوردستان بە لای ئەودایە. خەڵک دەڵێن قسە و کرداری وەزیری دارایی عێراق یەکێکە.

تەیف سامی دەڵێت لیستێکی پاکم بۆ بنێرن بۆ ئەوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابەش بکەین، لیست نەیەت مەگەر بە سەر لاشەی مندا مووچە بێت.

تەیف سامی لەم قۆناغەدا سەرەڕای بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ ناردنی مووچە، بەڵام لیست و بە نیشتمانیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی کردە مەرجی ناردنی بودجە و تۆپەکەی خستووەتە ساحەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە و لە پێناو کەسدا یاسا ناچەمێنێتەوە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کابینە یەک لە دوای یەکەکانیدا نەیتوانیوە بە ڕاست و درووستی مووچەی خەڵک دابەش بکات، دواکەوتن، لێبڕین، پاشەکەوت و فەوتانی مووچەی مووچەخۆران بەردەوام هەبووە.

ئێستا تەیف سامی بووەتە قارەمانێک لای خەڵکی کوردستان و دەیەوێت بە ڕێڕەوی یاسا ئەم شکستەی حکومەتی هەرێم ڕاست بکاتەوە و جارێکی تر مووچەخۆرانی هەرێم بە بێ کەم و زیاد و بە بێ دواکەوتن و وەک پارێزگاکانی عێراق، مووچەی مانگانەی خۆیان وەربگرن و چاوەڕێی ڕۆحمی بەرپرسە گەندەڵەکانی کوردستان نەبن.