تەیفی پۆڵاین و مڵۆزمەکەی مەسرور بارزانی
ژنە وەزیرێک قسەی یەکەم و کۆتایی عێراق لە ڕووی داراییەوە دەکات، ئەو بە کەسایەتییەکی دیاری بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەناسرێت و تەنانەت ئەمریکییەکان بەم بۆنەوە پشتگیری دەکەن.
نەیارەکانی بە تایبەت لە بنەماڵەی بارزانی و پارتی دیمۆکراتی کوردستان بە کەسێکی نەتەوە پەرست و تائیفی ناوی دەبەن بەڵام لای دۆستەکانی بە ژنی ژمارەکان و خانمی پۆڵاین ناسراوە.
تەیف سامی ماوەی نزیکەی 40 ساڵە لە وەزارەتی دارایی عێراق کار دەکات و لە هەر پلە و پۆستێکدا بووە هەمیشە وەک بەربەستێک لە بەردەم ویستە نایاساییەکانی حکومەتی هەرێم وەستاوەتەوە و لە ئێستاشدا بووەتە مڵۆزم و دەستی خستووەتە قوڕگی کابینەکەی مەسرور بارزانی.
ساڵی 2003 دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی سەدام حسێن و دامەزراندنی حکومەتی کاتی لە عێراق بە بڕیاری پۆڵ بریمەر حاکمی ئەو کاتەی عێراق تەیف سامی کرایە بریکاری وەزیری دارایی و بەڕێوەبەری گشتی بودجە.
لەو کاتەوە تا ئێستا سەرەڕای گۆڕینی چەندین کابینە لە عێراق و چەندین بەشبەشێنەی حیزبی، کەس لەوەدا سەرکەوتوو نەبووە جێ بە تەیف سامی لێژ بکات و ساڵ بە ساڵ پلەی بەرزتر بووەتەوە و لە ئێستادا خاوەنی نزیکی 40 ساڵ ئەزموونە لە وەزارەتی دارایی عێراق.
تەیف سامی بەوە ناسراوە کە دینار بە دیناری عێراق وەک موڵکی خۆی سەیر دەکات و ڕێگا نادات هیچ پارەیەکی ئەم وەڵاتە بە فیڕۆ بڕوات.
لە ئێستادا تەیف سامی بووەتە بەربەستێک لە بەردەم ناردنی بودجەی هەرێمی کوردستان و دەڵێت کە تەنانەت ئەگەر سەرۆک وەزیرانیش ڕازی بێت من ڕێگرم لەوەی بودجە بۆ هەرێم ڕەوانە بکرێت هەتا ئەو کاتەی وەک لە یاسای بودجەدا هاتووە کە دەبێت حکومەتی هەرێم نەوت و نیوەی داهاتی ناوخۆ ڕادەست بکات. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ناوبراو لە کاتی داڕشتنی پرۆژەیاساکانی بودجەدا لە ساڵانی ڕابردوو بەردەوام لە پێناو ڕێکەوتنی بەغدا و هەولێر هاوکاری حکومەتی هەرێمی کردووە بەڵام هیچ پێشێلکارییەک لە هەرێم قبووڵ ناکات و ئامادە نییە دینارێک ڕەوانەی هەولێر بکات.
تەیف سامی بووەتە مستێکی پۆڵاین لە بەرامبەر مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چونکە پارتی دەیەویست وەک ئەوەی کە چەند جارێک لە کابینەکانی پێشوودا ڕوویداوە، بە هۆی ئەندامبوونی لە هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت، بە بێ ڕادەستکردنی نەوت، بودجە بۆ هەرێم ڕەوانە بکرێت بەڵام تەنانەت محەمەد شیاع سودانیش ناتوانێت ڕای خۆی بە سەر سامیدا بسەپێنێت.