تەپڵی شەڕی ناوخۆ لێدەدرێت

ماوەیەکە کەمال ناکەرکوکی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی بە ئەنقەست و بە پلان لە لایەن ئەو حیزبەوە بەربووەتە گیانی یەکێتی و بە هەموو شێوەیەک هەوڵی هەڵگیرسانەوەی شەڕی ناوخۆیی دەدات. ئەو لە کاتێکدا خۆی بە هەڵهاتووەکەی کەرکوک ناسراوە، هەمووان بە خیانەت لەو شارەدا تۆمەتبار دەکات.

لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی بە دەست دەیان کێشە و قەیرانی وەک بێ مووچەیی، بێ کارەبایی، کەمئاوی، بێ بازاڕی، دیاردەی کوشتنە کۆمەڵایەتییەکان و هتد دەناڵێنن و پێگە سیاسی، ئابوری و سەربازییەکەی هەرێمیش ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕوو لە لاوازبوون دەکات، ژنڕاڵەکانی شەڕی ناوخۆ لە پارتی و یەکێتی دیسانەوە کوردستان بە هەمان ئاراستەدا دەبەنەوە.

کەمال ناکەرکوکی و هاوتاکانی لە یەکێتی هێندە حەزی هەڵگیرسانەوەی شەڕی ناوخۆییان هەیە، هێندە هەوڵی شەڕی کوردکوژی و براکوژی دەدەن کە لە هیچ قۆناغێکدا هێندە لە خەمی خزمەت بە خەڵک و چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەواانیان نەبووە.

کەمال ناکەرکوکی بەم دواییانە لە چاوپێکەوتنێکدا باسی ڕووداوەکەی هەکاریی کردووە و ئەمەش یەکێتییەکانی توڕە کرد، بە تایبەت کە یەکێتی ڕووداوەکەی هەکاری بە لوتکەی کوردکوژی و کۆمەڵکوژیی سەرکردە و پێشمەرگەکانی خۆی دادەنێت لە لایەن پارتییەوە.

میدیای فەرمی یەکێتی لە وەڵامی کەمال ناکەرکوکیدا ڕایگەیاندووە کە ئێوە لە کەرەج و لە کاتی هەڵهاتنتان پیلانی براکوژی و سەرکردەکوژیتان دانا، هەر بۆیە بە بێ مێژوو و بێ سەروەریتان دەزانین.

لە کاتێکدا کە دۆخی نێوان پارتی و یەکێتی لەوپەڕی خەتاپیدایە و لە بواری سەربازیدا لە وەزارەتی پێشمەرگە لە لێکترازانی تەواو نزیک بوونەتەوە و لە ئاستی سیاسیش توندترین ململانێ بەوانە دەبینرێت، لێدوانەکانی ناکەرکوکی بەنزینی کردووەتە سەر ئاگری کێشە و ناکۆکی و دوژمنایەتییەکانی هەر دوو حیزبەکەدا.

تا دێت لێدوانە ئاگرینەکانی بەرپرسانی پارتی و یەکێتی لە دژی یەکتر زیاتر دەبن و خەراپی پەیوەندییەکانیان یارمەتیدەری توندتربوونی لێدوانەکانە، سەرکردەکانی هەر دوو لا دەستکراوە بوون بۆ ئەم جۆرە لێدوانانە و هەر چییان دەوێت دەیڵێن.

کەمال ناکەرکوکی یەکێک لەوانە بووە کە ئەم دۆخەی شڵەقاندووە، ئەو وتی کە لە گەڵ حیزبێکدا لە کەرکوک هاوپەیمانی ناکەین کە بە خیانەتی نیشتمانی لە 16 ی ئۆکتۆبەری 2017 تۆمەتبارە. ناوبراو یەکێتی نیشتمانی کوردستانی بە خیانەت و خاکفرۆشی تۆمەتبار کرد. وتیشی کە حەرامە لە گەڵ حیزبی وەهادا لە لیستێکی هاوبەشدا بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکرێت.

سەرکردەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش وەک ڕەوەند مەلا مەحمود ڕایانگەیاند کە کەمال ناکەرکوکی پیاوی خیانەتە و لە بەر ترسنۆکی ناویان ناوە کەمال قەناس و لە شەڕی داعشدا بەردەوام لە پشتەوەی بەرەی شەڕەکاندا بووە.

هەروەها ئاسۆ مامەند لە شاشەی کەناڵی کوردستاوە هێرشی کردە سەر کەمال ناکەرکوکی و وتی کە کەمال قەناس، قەناسێکی هەبووە کە قەد تەقەی پێنەکردووە و لە 16 ی ئۆکتۆبەردا لە کەرکوک هەڵهاتووە.

ئەم دۆخە وا دەکات کە هەرێمی کوردستان لە شەڕی ناوخۆ نزیک ببێتەوە و لە ئێستادا لە لێواری شەڕەکەدایە.