تەنیا بۆ مووچەخۆران قەوارەی هەرێم لاواز دەبێت؟!

ماوەیەکە بەردەوام ئەوە لە بارزانییەکان و بەرپرسانی پارتی دیمۆکراتی کوردستان دەبیسین کە قەوارەی هەرێم لە مەترسیدایە. ڕاستییەکەش ئەوەیە کە هیچ مەترسییەک لە سەر هەرێمی کوردستان نییە و خەڵک تەنیا مافی خۆیان لە ڕێگەی بەغداوە دەوێت و ئەوە بەرژەوەندییەکانی بنەماڵەی بارزانی و پارتییە کە ڕەنگە بکەوێتە مەترسییەوە.

هەرێمی کوردستان لە قووڵترین ناکۆکی ناوخۆیی و سیاسیدایە. ئەم ناکۆکییە زیاتر لە نێوان پارتی و یەکێتیدا دەبینرێت. ململانێ سیاسییەکان لە هەرێم پەرەی سەندووە، لایەنە سیاسییەکان هیچ کات تەبا نەبوون و ئەمەش لێکترازانی گەورەی بە دوای خۆیدا هێناوە.

لە ئەنجامی ئەم دۆخە دەبینین کە کورد لە بەغدا چەندین بەرەیە. پارتی بەرەیەکە و تەنیا هەوڵی دەستخستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی دەدات. یەکێتی بە هەمان شێوە. نەوەی نوێ ئەجێندای تایبەت بە خۆی هەیە و ئیسلامییەکانیش هێزێکی وەهایان نییە و جار و بار بە لێدوانی پەرلەمانتارەکانیان خۆیان دەردەخەن.

ئەم ململانێ و ناکۆکییە سیاسییە لە گەڵ دەیان ساڵ دووئیدارەیی پارتی و یەکێتی وایکردووە کە هەرێمی کوردستان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لاوازتر بێت و لە ئاستی ناوخۆیی، عێراق و نێودەوڵەتی پێگەیەکی ئەوتۆی نەماوە.

نەبوونی خزمەتگوزارییەکان، نەبوونی مووچە، نەبوونی نەوت و کارەبا و دەیان کێشە و گرفتی دیکەیە کە متمانەی خەڵکی بە حکومەتی هەرێمی کوردستان لاواز کردووە. دۆخەکە وایە کە خەڵک هیچ مەیلێکیان بە حکومەتی هەرێم نەماوە و تەنانەت خەون بە گەڕانەوەی دەسەڵاتی هەرێم بۆ بەغداوە دەبینن. فەرمانبەران و خانەنشینەکانی هەرێمی کوردستان سێ مانگە مووچە لێبڕاوەکەیان وەرنەگرتووە، ئەوان دەیانەوێت مووچەکانیان وەک عێراقییەکانی دیکە لای حکومەتی بەغداوە دابەش بکرێت.

هەرێمی کوردستان لە ئاکامی قەیرانی چەندین ساڵەی حکومڕانی کوردی بەم دۆخە گەیشتووە، دۆخێک کە جگە لە کۆیلەکانی نزیک لە بنەماڵەی دەسەڵات نەبێت کەس لێی ڕازی نییە.

ئێستا کە مووچەخۆرانی هەرێم داوای مووچەکانیان لە بەغدا دەکەن و چەند لایەنێک هەوڵێکیان لەو پێناوەدا دەستپێکردووە، پارتی و بارزانییەکان و میدیا تاڵانکەرەکانی ئەوان هەڵمەتێکیان دژ بەم ئامانجە گەورەیە ڕاگەیاندووە و بەردەوام دەڵێن کە قەوارەی هەرێم لە مەترسیدایە.

هەرێمێک بەم هەموو قەیران و کێشەوە لە مەترسیدا نەبێت، بە مووچەی چوار فەرمانبەر و خانەنشینی بەش مەینەتیش هیچی بە سەر نایەت.

کێشەکەی پارتی و بارزانییەکان ئەوەیە کە مووچەخۆرێکی زۆری بندیواریان هەیە و بەغدا ئامادە نییە مووچەی ئەوان بدات و دەیەوێت ئەوانەی فەرمانبەری ڕاستەقینەن مووچە وەربگرن.