تیرۆر دەکەن و لە گۆڕی کوژراوەکەیش دەترسن

تیرۆری ڕۆژنامەنووسان لە لایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانەوە بووەتە خاڵێکی ڕەشی حکومڕانی کوردی. بە درێژایی ساڵانی دەسەڵاتداریی حکومەتە خۆماڵییە خۆڕاگرەکەی کورد، ڕۆژنامەنووسان یەکێک لە قوربانییەکان بوون.

دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان کە ڕەخنە و هێزی قەڵەمی ڕۆژنامەنووسانیان پێ قبووڵ ناکرێت، لە ڕێگەی هێزە ئەمنی و چەکدار و تاقمە تیرۆرکەرەکانی خۆیانەوە سنگی ئەو ڕۆژنامەنووسانەیان کردووەتە ئامانجی فیشەکی چەکەکانی خۆیان و تا ئێستا چەندین ڕۆڵەی بێ تاوانی کورد تەنیا لە بەر ئەوەی دزی و گەندەڵییەکانی دەسەڵاتدارانیان ئاشکرا کردووە، کراونەتە قوربانی. کەسانی وەک کاوە گەرمیانی، سەردەشت عوسمان، وەدات حسێن و کەسانی دیکە.

هەر بەمەوە نەوەستاوە و دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان لە مردنی ڕۆژنامەنووسەکانیش دەترسن، کێلەکانیان دەشکێنن، گۆڕەکانیان تێکدەدەن و ڕێگری لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ساڵیادی تیرۆریان دەکەن، کێشە بۆ بنەماڵە و کەس و هاوڕێکانیان درووست دەکەن. ئەمەیە ئەو ئازادی و دیمۆکراسی و مافی مرۆڤەی لە هەرێمی کوردستان بانگەشەی بۆ دەکەن و خۆیان بە نموونەی ناوچەکە ناو دەبەن؟

ماوەی 7 ساڵە بنەماڵە و هاوڕێکانی وەدات حسێن داوای دەستگیرکردنی تاوانباران و بکوژانی ئەم ڕۆژنامەنووسە دەکەن، کەچی کەس دەستگیر نەکراوە و ڕێگری لەوەش دەکەن ڕێوڕەسمی ساڵیادی تیرۆرەکەی لە هەولێر و دهۆک بکرێتەوە و بە ناچار لە سلێمانی یادی ئەو ڕۆژنامەنووسە کوژراوە بەرز ڕادەگیرێت.