تورکیا چی لە حکومەتەکەی مەسرور بارزانی دەکات؟
ئەگەرچی لە ڕوووی ئەمنی و سەربازییەوە تورکیا لە ماوەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە لایەن مەسرور بارزانییەوە دەستکراوە بووە و بوونی سەربازی و هەواڵگری ئەم وڵاتە لە خاکی هەرێمدا زیادی کردووە و سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە بەرامبەر تاوان و دەسدرێژییەکانی تورکیا خۆیی بێدەنگ کردووە، بەڵام لە ئێستادا بە لای ئەنکەرەوە کارتەکەی سووتاوە و دەیەوێت ڕۆڵ و پێگەی پێشوو بۆ نێچیرڤان بارزانی بگەڕێتەوە.
مەسرور بارزانی هیوای بەوە بوو کە تورکیا لە پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، پشتیوانی لە هەولێر بکات و تەنانەت پلانی ئەوەی هەبووە بە هاوکاری تورکیا دۆسیەی نەوتی هەرێم لە ژێر دەستی بەغدا و کۆمپانیای سۆمۆ دەربهێنێتەوە.
لە ئێستادا نەک تەنیا ئەوە ڕووی نەداوە، بەڵکوو تورکیا داوای قەرزەکانی لە حکومەتی هەرێم دەکاتەوە. ئەو قەرزانەش بەو شێوازە بووە کە تورکیا بە هەرێمی کوردستانی داوە و لە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان پشکی وەرگرتووە و ئێستا نە نەوت و نە هەناردەی ماوە و تورکیا بەرژەوەندییەکانی لە دەست داوە و داوای قەرزەکانی لە هەولێر دەکاتەوە.
ئەمە فشارێکی زۆر لە سەر حکومەتەکەی مەسرور بارزانی درووست دەکات و لەم بێ مووچەیی و قەیرانە دارایی و جەماوەرییەدا ڕوبەڕوی هەلومەرجێکی دژواری دەکاتەوە کە دیار نییە بە کوێ دەگات. ئەویش لە کاتێکدا کە لە ئاستی ناوخۆیی، حکومەتەکەی مەسرور بارزانی پشتیوانییەکی نییە.