تورکیا بناغەی گەورەترین بەنداو لە پارێزگای دھۆک بۆردومان دەکات

بناغەی گەورەترین بەنداو لە سنوری پارێزگای دھۆک لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە بۆردومانکرا، کە بڕیاربوو بەھەماھەنگی ھەرێم و بەغداد تەواو بکرێت.

بەپێی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە ساتی بۆردومانکردنی چڕی بناغەی بەنداوی باکورمان لە سنووری ئاکرێ لە پارێزگای دھۆک لە لایەن فڕۆکەکانی تورکیاوە دەردەخات کە بەھۆیەوە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە.

بەنداوی باکورمان لە ساڵی 1984 ەوە بناغەی دانراوە و تا ئێستا تەواونەکراوە، بڕیاربوو بەنداوەکە بەھەماھەنگی ھەرێم و بەغداد تەواوبکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش بڕی نزیکەی 500 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخانکرابوو.

بەنداوەکە بەتەواوبوونی دەبووە گەورەترین بەنداو لە سنووری پارێزگای دھۆک و ھەریەکە لە ناوچەکانی ئاکرێ، بەردەڕەش، شێخان سودی گەورەیان لێدەبینی و لەتوانایدا دەبوو 500 ملیۆن مەتر سێجا ئاو گلبداتەوە و بۆ مەبەستی ئاودێری و بەرھەمھێنانی کارەبا سودی لێوەربگیرێت.