ترسی پارتی لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان

ڕۆژ بە ڕۆژ وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان نزیک دەبێتەوە کە سەرۆکی هەرێم پێشتر ڕایگەیاندووە لە 25 ی شوباتی 2024 بەڕێوە دەچێت.

لەم هەڵبژاردنانەدا پارتی کەمترین ڕۆڵی لە بەڕێوەچوونیدا هەیە، بە هۆی ئەوەی کە لە لایەن کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بەڕێوە دەچێت.

ترسی پارتی کاتێک زیاتر بوو کە لە دوای ڕیفراندۆم سەرۆکایەتی کۆمیسیۆنەکەی لێوەرگیرایەوە و لە ئێستادا لە کۆی 9 ئەندام تەنیا یەک ئەندامی ئاسایی لە کۆمیسیۆندا هەیە و سەرۆکی کۆمیسیۆنیش لە یەکێتی نیشتمانی کوردستانە.

جگە لە پرسی دەستکاری یاساکە لە لایەن دادگای فیدراڵی کە بووەتە مایەی ترسی پارتی، ئێستا دەترسێت دوای محەمەد حەلبوسی لە هەڵبژاردنی ئەمجارە لە لایەن کۆمیسیۆنەکەی بەغدا گورزی بەرکەوێت، ئەویش لە ڕێگەی داخستنی سەرجەم ڕێگەکانی تەزویر، ئاشکراکردن و سزادانی حیزبەکە لە ئەگەری ئەنجامدانی تەزویر، ئەمە جگە لەوەی کە پارتی لە ناوخۆ مەترسی ئەوەشی پیشانداوە وەک چۆن پێشتر ئەوان تەزویری دەنگی خەڵکیان لە بەرژەوەندی خۆیان دەکرد و دەنگی نەیارەکانیان دەسووتاند ئەمجارە لە بەغدا دەنگەکانیان بسووتێندرێت.

بە بڕوای چاودێران، دەنگدانی ئەمجارە چارەنووسساز دەبێت، بەو پێیەی کە یەکەم جارە کۆمیسیۆنێک ئەنجامی دەدات کە پارتی دەسەڵاتی بە سەریدا نییە و ناتوانێت نە بە پارە و نە بە پێدانی زەوی و شوقە و ڤێلای گرانبەها لە هەولێر ڕازییان بکات.

بەم دۆخەوە پێشبینی دەکرێت بەشدارییەکی فراوان بە ئامانجی گۆڕانکاری لە کوردستان لە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی پەرلەمانی کوردستان بکرێت و هەوڵ دەدرێت هەڵبژاردنەکان بکرێتە ڕێگەی یەکلاکەرەوەی گۆڕانکاری لە دەسەڵات و هێنانە پێشەوەی مۆدێلێکی نوێ.

بەشێک لە چاودێرانیش درووستکردنی هاوپەیمانیەتییەکی فراوان لە کەسایەتییە سیاسییە دیار و بە تواناکانی دەرەوەی حیزبەکان کە لە ئاستی ناوخۆ و عێراق و دەرەوە جێی متمانەن بە باشترین بژاردەی ئەم قۆناغە دەزانن بۆ ئەوەی سەرکردایەتی حکومەت و حکومڕانی نوێ لە کوردستان بکەن.