ترسی بارزانییەکان لە شێروان شێروانی
شێروان شێروانی نموونەی ئەو دەنگە ئازا و بوێرانەی هەرێمی کوردستانە کە دژی دەسەڵاتی خۆسەپێنی بارزانییەکان دەنگی بەرز کردەوە و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی لە خیانەت و تاوان و زوڵمی بەردەوامی ئەم بنەماڵەیە ئاگادار کردەوە.
دەسەڵاتی بارزانییەکان بەرگەی ڕەخنەکانی شێروان شێروانی نەگرت. ئەو چالاکوان و رۆژنامەنووسە دەستگیر کرا و لە دادگا نمایشییەکەی بارزانییەکاندا بە توندترین شێواز سزادرا و خرایە زیندان. لە زیندانیش دەیان پیلانیان لە دژی شێروان شێروانی جێبەجێ کرد بەڵام کۆڵینەدا و خۆڕاگرانە بەرگریی لە بیر و بۆچوونەکانی خۆی کرد.
کاتێک ڕەوتی هەڵوێست بە سەرۆکایەتی عەلی حەمەساڵح ناوی شێروان شێروانیی خستە ڕیزی کاندیدەکانیەوە بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، هیوایەک هەبوو کە بە دەنگی زۆرینەی خەڵک ببێتەوە بە سمبولێکی ئازادی، سمبولی خۆڕاگری و سمبولی بەرگری لە خەڵک، بەڵام بارزانییەکان لە ناوەکەشی تۆقاون و وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم کە لە ژێردەستی پارتی دیمۆکراتی کوردستان و بارزانییەکاندایە، شیاوبوونی ئەوی بۆ هەڵبژاردنەکان ڕەتکردەوە.
بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم لە دژی شێروان شێروانی تەواو سیاسییە و دەبێت هەوڵی پووچەڵکردنەوەی بدرێت بەڵام ئەم بڕیارە ئەوەی سەلماند کە دەسەڵات لە ناوەکەی شێروان شێروانیش دەترسێت و لێرە بە دواش بۆ مانەوەی خۆی، دژی هەر دەنگێکی ئازاد و ڕەخنەیەک دەوەستێتەوە، هاوشێوەی ئەوەی دیکتاتۆرەکانی وەک سەدام کردیان و دوا جاریش لەناوچوون.