تاپڕەکەی گۆهدار و دەمانچەی عەمیدەکەی پارتی!

بە بڕیاری مەسرور بارزانی و لە دادگاییکردنێکی نمایشیدا چالاکوانی دەڤەری بادینان گوهدار زێباری زیندانی کراوە و هەوڵەکان بۆ ئازادکردنیشی بە هۆی پێداگریی سەرۆکی حکومەتە خۆڕاگرەکە هیچ ئەنجامێکی نەبووە.

زیادکردنی سزاکەی گۆهدار زێباری لە ئەنجامی کرانەوەی دۆسیەیەکی نوێ بووە کە تایبەت بووە بە هەڵگرتنی تاپڕێک کە هی خۆی بووە یان هەر کەس و خزمێکی بەڵام گرنگ ئەوەیە کە دادگا بە نادادپەروەرانە ئەو کەسەی دیسانەوە لە زیندان هێشتووەتەوە.

مەسرور بارزانی و پارتی دەیانەوێت وا خۆیان دەربخەن کە سەروەری یاسا لە هەرێمی کوردستان هەیە و ڕێگە بە هیچ کەسێک نادرێت لە دەرەوەی یاسا بێت.

لە کاتێکدا گۆهدار زێباری بە هۆی تاپڕێکەوە سزا دراوە، بەرپرسی ئاسایشی پارتی لە قەزای ئامێدی بە بۆنەی دەرچوونی کوڕەکەی لە زانکۆ دەمانچەیەکی وەک دیاری بەو بەخشیوە و بە ئاشکرا وێنە و ڤیدیۆکەشی بڵاو بووەتەوە.

عەمید شەوکەت کانیکی بە پێدانی ئەو دەمانچەیە بە کوڕەکەی ئەوەی سەلماندووە کە لە هەرێمی کوردستان نە یاسا هەیە و نە دادپەروەری. ئەگەر دادگا هەیە و دەستێوەردانی حیزبی نییە با ئەو بەرپرسەی پارتیش هاوشێوەی گۆهدار سزا بدرێت. یان یاساکان تەنیا بیانوویەکن بۆ سزادانی چالاکوانانی ڕەخنەگر لە دەسەڵاتەکەی پارتی و بارزانی؟