تاوانە کۆمەڵایەتییەکان لە هەولێر بووەتە قەیرانێکی گەورە

ڕۆژانە لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەواڵی کوشتن، بریندارکردن، هەڵکوتانە سەر خەڵک، دەسدرێژی، دزی و دەیان شێوازی دیکەی تاوانە کۆمەڵایەتییەکان لە هەولێری ژێر دەسەڵاتی پارتی بڵاو دەبێتەوە و هێزە ئەمنییەکانیش تەنیا دەڵێن لە پاش ڕووداوەکە دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنەکە و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەکەن.

ئەمە دیمەنی هەولێری پایتەخت و ناوەندی دەسەڵاتی پارتییە کە بە دەیان دیاردە و قەیران بەرۆکیان گرتووە.

درەنگانی شەوی ڕابردوو ژمارەیەک چەکدار لە ناحیەی بەحرەکەی شاری هەولێر هەڵیانکووتاوەتە سەر ماڵێک، پاش بەستنەوەی ژنی ماڵەکە، پیاوەکەیان بە چەقۆ بە سەختی بریندار کردووە و بەو هۆیەوە گیانی لە دەست داوە.

گەر سەیری میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکرێت دەیان نموونەی وەها لە هەولێر دەبینرێت. ئەمەیە ئەو ئارامی و ئاسایشەی پارتی شانازیی پێوە دەکات؟

هەر لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە هۆی کێشەی نێوان زاوا و خەزورێک، ژمارەیەک کەس هێرشیانکردە سەر هاووڵاتییەک و لە شەقامی 60 مەتری شاری هەولێر ئازاریاندا و ڤیدیۆکەشی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کرایەوە.

لە قەزای خەباتیش شەو و ڕۆژێک نییە شەڕە تەقە نەبێت و ژیان لە خەڵک تێکچووە. ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی پارتیش دۆخیان بە هەمان شێوەیە.