تاوانەکانی تورکیا و بێدەنگی بارزانییەکان

تورکیا بەشێک لە خاکی هەرێمی کوردستانی داگیر کردووە، بەردەوام بە درۆن و فڕۆکەی شەڕکەر هێرش دەکاتە سەر ناوچە جیاجیاکانی هەرێم، بەڵام بارزانییەکان تا ئێستا بە یەک وشە باسی ئەم تاوانانەی تورکیایان نەکردووە و تەنانەت پێشوازییەکی گەرموگوڕیان لە ئەردۆغان کرد لە سەردانەکەیدا بۆ هەولێر.

لە سەر تاوانەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان ئەم خاڵانەی خوارەوە باس دەکەین:

تورکیا 30 بنکەی سەربازیی لە خاکی هەرێمی کوردستاندا هەیە، واتە بە فەرمی خاکی هەرێمی داگیر کردووە.

لە ساڵی 2020 فڕۆکە شەڕکەرەکانی تورکیا 750 جار ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستانیان کردە ئامانج.

ئەم ئامارە لە ساڵی 2021 گەیشتە 1115 هێرش و لە ساڵی 2022 زیادیکرد و گەیشتە 1691 هێرشی ئاسمانی.

هەروەها تورکیا لە ساڵی 2022 زیاتر لە 3650 هێرشی بە درۆن کردە سەر هەرێمی کوردستان.

تا ئێستا بە دەیان کەس لە ئاکامی هێرشەکانی تورکیا کوژراون و برینداربوون بەڵام هیچ کاردانەوەیەک لە لایەن بارزانییەکانەوە نەبینراوە، کەچی هەندێک کات ئەگەر کەسێک بە چەقۆ لە وڵاتانی ئەورووپیدا بکوژرێت ئەوان چەندین بەیاننامەی هاوخەمی و سەرکۆنەکردن بڵاودەکەنەوە.

لە ڕووی ئابوریشەوە کۆمپانیاکانی تورکیا زۆربەی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانیان داگیر کردووە.

کۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی لە 7 کێڵگەی نەوتیدا خاوەنی لە سەدا 25 تا 75 ی پشکەکانە.

هەروەها کۆمپانیای پیت ئۆیل لە 2 کێڵگەی نەوتیدا خاوەنی لە سەدا 20 ی پشکەکانە.

تورکیا تا پێش 25 ی ئاداری 2023 و ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم، پارە و داهاتی هەناردەی نەوتی کوردستانی دەخستە هاڵک بانک و لەوەش سوودێکی زۆری هەبووە و پارەی پاراستنی بۆری نەوتەکەی هەرێمی کوردستانی لە حکومەتەکەی بارزانییەکان وەردەگرت.

هەروەها دەروازەی سنوریی ئیبراهیم خەلیلیش لە دهۆک بووەتە تەنیا دەروازەی هەناردەی کاڵای تورکیا بۆ عێراق.