بە جانتایەکی پڕ لە شکستەوە بەرەو 2028

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیی لە گەڵ ژمارەیەک کەس کە وەک نوێنەری چین و توێژە جیاجیاکانی خەڵک ناو دەبران، بۆ ڕێکخرا، بەرنامەیەک کە زۆر ڕەخنەی بە دواوە بووە و بە دەستکرد و ئاست نزم تەنانەت لای پارتییەکانیشەوە ناو براوە، لەم بەرنامەیەدا پرسیار و پێشنیارەکان دیاریکراو بوون و وەڵامەکانیشی لە پێشدا هەر ئامادەکراوبووە.

مەسرور بارزانی و تیمەکەی لە کابینەی نۆیەم بە ڕاشکاوانە ئەو پەیامەیان دایە شەقامی کوردی کە تا 2028 لە سەر حوکم دەبێت و وەک سەرۆک وەزیران تا چوار ساڵی داهاتوو دەمێنێتەوە.

بە تێپەڕبوونی 4 ساڵ بە سەر کابینەی نۆیەمدا، هەرێمی کوردستان لە کەرتە جیاجیاکاندا تووشی زیانێکی زۆر بووە کە بە ڕای هەندێک لە شارەزایان بەم ئاسانییە قەرەبوو ناکرێتەوە.

دوو ئیدارەیی هەرێمی کوردستان لە تەمەنی کابینەکەی مەسرور بارزانیدا بووە بە ڕاستی و هەموو هەوڵە سیاسی و ئیدارییەکان بۆ نەهێشتنی ئاسەواری شەڕی ناوخۆ لە بار بران و ئاستی بێمتمانەیی لە نێوان هەولێر و سلێمانی گەیشتووەتە لوتکە.

پارتی کە سەردەمێک بانگەشەی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی دەکرد و بەغدای تەڵاق دەدا، لەم کابینەیەدا وازی لە هەموو بیرە نەتەوەییەکان هێنا و هەموو ئامانجەکانی لەوەدا کۆکردەوە کە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا نەگاتە لاوازبوونی کابینەکەی مەسرور بارزانی، سەرەڕای ئەمەش شکستی هێنا و کۆنتڕۆڵی دۆسیەی نەوت کەوتە دەستی حکومەتی ناوەند و لە یاسای بودجەشدا گورزی کوشندەی بەرکەوت.

ئابورییەکەی حکومەتی هەرێمیش لەم چوار ساڵەدا هێندە باش نەبووە و تەنیا شانازی سەرۆکی حکومەت و تیمەکەی ئەوەیە کە دەڵێن مووچە دابەش کراوە، بە بێ ئەوەی کە پاشەکەوتی مووچە بۆ فەرمانبەران و مووچەخۆڕان بگەڕێندرێتەوە یان وەرگرتنی مووچە بکرێتە کارتی بانکی بۆ ئەوەی کەمتر خەڵک لە سەرەی وەرگرتنی مووچەکانیان گیان لە دەست بدەن.

لە ڕووی ئازادی ڕادەربڕینیشەوە ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی پەیامنێرانی کوردستان ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ شکستی ئەم کابینەیە و ڕێژەی پێشێلکارییەکان لە هەولێر و دهۆکی ژێر دەسەڵاتی پارتیدا بەرز بووەتەوە.

لە ڕووی دیپلۆماسیشەوە کەمترین سەردانی دەرەوە بۆ سەرۆکی حکومەت هەبووە و لە ڕووی ئابوری و وەبەرهێنانیشەوە ڕاستییەکان لە گەڵ ئەوەی بانگەشەی میدیایی بۆ دەکرێت، جیاوازییەکی زۆری هەیە.

ئەمە دیمەنی چوار ساڵ حکومەتی هەرێمی کوردستانە بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، ئەو سەرۆک وەزیرانەی کە بە دەیان میدیای پارە بۆ تەرخانکراو هەوڵی گەیاندنی پەیامی سەرکەوتنی دەدەن بەڵام خەڵک زووتر لە میدیاکانی سەرۆک ئەو پەیامەیان پێگەیشتووە کە کوردستان لە ڕاستیدا ئەوەیە کە دەبینرێت، نەک ئەوەی کە لە میدیاکانەوە باس دەکرێت.