بە بەرچاوى بەرپرسانى پارتى؛ تورکیا بە سەدان تەن دار لە دارستانەکانی هەرێمەوە ئاودیو دەکات
داربڕین لەلایەن تورکیاوە سەرەتا لە ساڵی 2018 لە ناوچەی دووتازەی هاوسنوور لەگەڵ ناوچەی چەلێ – ی تورکیا دەستیپێکرد، سوپای تورکیا لە چەلێوە ڕێگای دروستکرد تا شارەدێی دووتازەی هەرێمی کوردستان، بۆ دروستکردنی ڕێگاکەش دەستی بە داربڕین کرد بە پانیی هەشت مەتر و درێژایی پێویستی خۆیان، بەڵام کە هاتوونەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستان، هەموو دارەکانیان بڕیوە.
قۆناغی دووەم لە ساڵی 2020 لە هەفتانینەوە دەستیپێکرد، بەشێکی زۆری دارەکانی ئەو ناوچانەیان بڕییەوە، بەشێوەیەک ڕۆژانە 350 بۆ 400 تۆن دار ى دەگواستەوە و ئەوەش ناڕەزایەتى زۆرى بەدواى خۆیدا هێنا.
ئەمڕۆ چوارشەممە 5-11-2024، گرتەیەکى ڤێدیۆى بڵاوکراوەتەوە تیایدا دەرکەوتووە تورکیا دارستانەکانی هەرێمی کوردستانی بڕیوەتەوە و تاڵانی دەکات و بەژێر ئاڵای پارتیدا دەیباتە تورکیا.
بە پێى گرتە ڤێدیۆیکە ئەو ناوچەی دارستانەکانی بڕێندراوەتەوە دەکەوێتە سنووری بەرواری باڵا لە پارێزگای دهۆک، بارهەڵگرەکان بەژێر ئاڵای پارتیدا وبەبەرچاوى بەرپرسانى ئەو حزبەوە کە لە سنورەکەدا باڵا دەستن بەرەو تورکیا دەیانگوازێتەوە.
لەشکرکێشییەکانى تورکیا و دانانى بنکەى سەربازى لەلایەن تورکیاوە لەناو خاکى عێراق و هەرێم بەردەوامە و تا ئێستاش سەرەڕاى نەبوونى هیچ هەڵوێستێک ڕێککەوتنی بەناو ئەمنیی بێ بەرژەوەندیی عێراق لەگەڵ دەوڵەتی تورک ئەنجام دەدات.