بەڵێ زۆرت ماوە بابی ئارینی! / ئیبراهیم عەباس
پێدەچێت کێشە ناوخۆیەکانی بنەماڵەی مستەفا بارزانی تا ئاستی بنبەست رۆیشتبن، بەو واتایەی ئیتر ئەو خۆبەسەر دابڕینەی مەسعود بارزانی و کوڕەکانی، بەرامبەر گروپی نێچیرڤان و براکانی و هەموو پارتی دەیکەن، دوا ئەنجامی بەدەست نەهێناوەو و دووریشە بەو ئاسانییە و بەم نزیکانە بەدەستی بخەن.
ئەم راستیانە رۆشن رۆشن لە وتارەکەی رێبوار کەریم وەلی دیارە، بەڵام بۆ کێ، بۆ ئەوانەی متابعێکی وردی دۆخی سیاسی و حزبی کوردستانن نەک هەموو خەڵک.
وەرن بۆتان وردبکەمەوە، بزانن نێچیرڤان لەرێگای رێبوارەوە چۆن پەیام بەمامی و مەسرور دەدات، پەیام لەرێگای کەسێک کەخۆی قوربانی باڵباڵێنی پارتی و ترسنۆکی نێچیرڤان بارزانیە، چونکە رێبواریش باجی بێ جورئەتی نێچیرڤان لەبەرامبەر باڵەکەی تر دەدات وبەئاشکرا بێ کارو نانبڕاویان کرد، بەڵام ئیتر روونبۆوە بەترسەوە لەژێرەوە پشتگیری دەکەن.
یەکەم؛ زەقبوونەوەی کێشە ناوخۆیەکان گەیشتنە ئەو رادەی، رێبوار کەریم وەلێ بڵێت، نسکۆ و ئاشبەتاڵی شۆرشی ئەیلول بەدەستی مستەفا بارزانی بوو، تەنها لەو پێناوەی مەسعود بارزانی شوێنی ئەو بگرێتەوە، بەبادانی خەونی میلەتێک و رژانی یەک رووبار خوێن هەمووی کراوەتە قوربانی ئەوەی ئیتر مەسعود لە شوێنی باوکی بێت!.
دووەم؛ بەردەوامی ئێستای مەسعود بارزانی لەسەرۆکایەتی پارتی لەبەر ئەوەیە، نێچێرڤان رازی نەبووە، مەسرور براگەورە بێت، ئەو برا گەورەیەی دوو دەیەیەی خەڵکی پێ دەگەوجێنن.
سێییەم؛ وەکو بەچاودادانەوە پێیان دەڵێت، ئەگەر ئیدریس بارزانی براگەورە نەبووایە، مەسعود بارزانی براگچکە نەدەبوو بە سەرۆکی پارتی.
چوارەم؛ یەکەم جارە نێچیرڤان و گروپەکەی جورئەتی ئەوە بکەن، بڵێن مەسعود بارزانی نەک هەر دەوڵەتی بۆ کورد پێ دروست نەکرا، بەڵکو کوردی گەڕاندەوە بۆ سەردەمی حوکمی زاتی 1970، ئەو هەموو شکستیانەش تەنها لەبەر ئەوەبووە، مەسعود بارزانی ریسکی بەهەموو شتێکەوە کردووە تەنها لەو پێناوەی نێچرڤان نەبێتە کەسی یەکەم و خاوەنی پارتی.
پێنجەم؛ فڕیدانی دەستەواژەی مەسعود بارزانی پێویستە دەسەڵات بۆ نێچیرڤان جێبهێڵێت، راستە پێشتر لەناوخۆی پارتی هەبووە، بەڵام فەلەکەدین کاکەییان پێ نانبڕاوکردو سەرئەنجامی سەریشی لەسەر دانا! بەڵام ئێستا نێچیرڤان لەرێگای رێبوارەوە هەمان داوا دەکاتەوە.
شەشەم؛ دوای ئەم وتارە ئیتر نێچیرڤان و براکانی، ئۆباڵی خراپەکارییەکانی ناو پارتی، دەخەنە ئەستۆی مەسعود بارزانی مام و سەرۆکیان، ئەو خراپەکاریەکانی لەرووکەشدا مەسرور وەیسی و مەلا مستەفاو موکسی، بەتایبەت لەدەڤەری بارزان دەیکەن و جورئەتیان کرد شەوکەت حەسکۆ بەرپرسی پاسەوانەکانی رەوان و نێچیرڤان تیرۆر بکەن و سەدان و هەزاران کەسیش ئەزیەت و زیندانی بکەن.
ئەوەی جێگای تبینییە، بەڕاست بۆچی لەم کاتەدا ئەم باسانە لەرێگای نێچیرڤانەوە دێنەوە بەرباس، ئایا لەبەر ئەوەیە فشارەکانی لەسەری ئەوەندە زۆرن بەرگەیان ناگرێت؟ یان دەزانێت خەریکە هەموو شتێکیان لەدەست دەچێت و لەدوا رۆژەکانی تەمەنی سیاسی و حوکمڕانی خۆیانن و ئیتر گەڵەگایان خەریکە ئاوا دەبێت؟ یان پەیامی راشکاوانەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ئێرانیەکانن، کە لەهەموویاندا ئۆکەی و پشتیوانی بۆ براگەورایەتی نێچیرڤانە نەک مەسرور؟!.
راستر لەهەموو بابەتەکانی وتارەکەی رێبوارو پەیامەکانی نێچیرڤان، دەستەواژەی زۆرت ماوە بابی ئارینی! بەراستی زۆرت ماوە بابی ئارینی کەپێت وابوو، بەدوور خستنەوەی کەسانی وەکو رێبوار لەپارتی کە باپیرو باوکی و کەسوکاری خزمەتکارتان بوون، مەیدانی خۆ سەپاندنت بەسەر نێچیرڤان دەستەبەر دەبێت!
دڵنیابە کە رێبوارتان لەرووداو نابڕاو و پەراگەندەی ئەوروپاتان کردو نێچیرڤان لەترسی کاردانەوەی مامی بێ هەڵوێستی هەڵبژارد، بۆ ئەوەی بوو سحری ئەو کلاتانەتان دەربخات، کەپێتان وایە نێچیرڤان و گروپەکەی باڵی بازرگانی و مێبازی ناو پارتین! ئێوەش گوایە خاوەنی رێبازی بارزانی و کوردایەتین!. بەڵام ئێستا رێبوار لەحەوشەی پشتەوەی پارتی، خاوەن ماڵ و متمانەپێکراوە!
تێگەیشتی زۆرت ماوە بابی ئارینی؟!