بەهۆی هاوكارینەكردنی حكومەتی هەرێم بڕیاری داخستنی كەمپی ئاوارەكان دواخراوە

ئیڤان فایەق جابرۆ, وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق دەڵێت: هاوكارینەكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان هۆكاری دواخستنی داخستنی كەمپی ئاوارەكانە.

وەزیری كۆچ و كۆچبەران, لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هەواڵی جیهانی عەرەبی رایگەیاندووە : دانەخستنی كەمپی ئاوارەكان بۆ كۆمەڵێك هۆكاری راستەقینە دەگەڕێتەوە, كە دیارینیان نەبوونی هاوكاری بوو لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە.

بەدرێژایی شەش مانگ وەزارەتەكەمان نەیتوانی بچێتە ئەو كەمپانەو پرۆسەی تۆماركردن و ئاسانكاری بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان بكات بۆ ناوچەكانی خۆیان.

هۆكاری تری بڕیاڕی دواخستن, بۆ بوونی لەمپەرو ئاستەنگ دەگەڕێتەوە بۆ گەڕاندنەوەی خێزانە ئاوارەكان, بەهۆی خانووە روخاوەكانیان بۆ نمونە لە شەنگال, لەگەڵ كەمی قەرەبووكردنەوەی موڵك و ماڵی خێزانە ئاوارەكان و, نەبوونی خزمەتگوزاری لە هەندێك لەوناوچانە.

لەبارەی هۆكاری ئەوەی تائێستا كەمپەكان بە كراوەیی ماونەتەوە, وەزیری كۆچ وتویەتی : ئەو گەڕانەوەیەی وەزارەتەكەی كاری لەسەر دەكات ئارەزومەندایە, ناكرێت هیچ خێزانێك ناچاری گەڕانەوە بكرێت, ئیدارەدانی كەمپەكانیش لەلایەن وەزارەتەكەیەوە ناكرێت, بەڵكو لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بەڕێوەدەبرێت.

كەمپی ئاوارەكان وەك كارتی فشار بەكارهاتووە لەنێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەغداد, هەندێك لە سیاسیەكان ئاوارەكان و كەمپەكانیان لەبواری سیاسیدا بەكارهێناوە, تەنانەت هەندێك لەنێوەندە نێودەوڵەكانیش بەكاریانهێناون.