بەغدا و پلانی وشککردنی سەرچاوەکانی داهاتی هەرێم

حکومەتی عێراق بە هەموو شێوازێک دەیەوێت ڕێگری لە کارە نادەستووری و نایاساییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات. لە پاش نەوت و غاز، بەغدا داوای دەروازە سنورییەکانی هەرێم دەکات.

حکومەتی عێراق بە جێگیرکردنی پۆلیسی فیدراڵی هێندەی دیکە هەرێم بچووک دەکاتەوە.

لە نوێترین دانوستانی حکومەتی هەرێم و عێراق، باس لەوە کراوە کە بەغدا دەیەوێت هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی لە سنورەکانی هەرێمی کوردستاندا جێگیر بکرێن. حکومەتی هەرێمی کوردستانیش داوایکردووە کە دەروازە سنورییەکان بە هاوبەشی بەڕێوە ببرێن.

یاسای دەروازە سنورییەکان لە سەردەمی ڕژێمی بەعسەوە تا ئێستا بەم جۆرە بووە:

یاسای پێناسەی گومرکی بە ژمارە 77 ی ساڵی 1955

یاسای ژمارە 23 ی گومرکەکان لە ساڵی 1984

یاسای ژمارە 22 ی تەعریفەی گومرکی لە ساڵی 2010

یاسای ژمارە 30 ی دەستەی دەروازە سنورییەکان لە ساڵی 2016

لە مادەی 104 ی دەستووری عێراقدا تایبەتمەندی هاوبەشی بۆ بەڕێوەبردنی دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان باس کراوە.

عێراق خاوەنی 14 دەروازەی سنوری نێودەوڵەتییە. سەرچاوەکانی حکومەتی هەرێم ڕایانگەیاندووە کە 12 دەروازەی سنوریش لە هەرێمدا هەیە. ڕاپۆرتی دەروازە سنورییەکانی عێراق تەنیا دانی بە 6 دەروازەدا ناوە و بە فەرمی ناسێندراون.

عێراق دەستەی بەڕێوەبردنی دەروازە سنورییەکانی هەیە کە نوێنەری ئەو پارێزگایانەشی تێدایە کە دەروازەی سنورییان هەیە بەڵام تا ئێستا نوێنەری پارێزگاکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆک لەو دەستەی عێراقدا بوونی نییە.

لەم ماوەیەدا حکومەتی عێراق داوای جێگیرکردنی پۆلیسی فیدراڵی و نوێنەری دەستەی دەروازە سنورییەکانی لە دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە. هەروەها داوایکردووە کە لە سەدا 50 ی داهاتی دەروازە سنورییەکان بۆ حکومەتی ناوەند بگەڕێندرێتەوە.

حکومەتی هەرێمی کوردستانیش داواکەی ڕەتکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە دەبێت دەروازە سنورییەکان بە هاوبەشی بەڕێوە ببرێن.